چێڵسی لە یاری مان و نەمان میوانداری دۆرتمۆند دەکات
کونگرەی رۆژنامەوانی راهێنەرانی هەردوو یانە بەر لە یارییەکەی ئەمشەو

یاریگا
ئەمڕۆ سێشەممە یارییەکانی گەرانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت، کاتژمێر یانزەی شەو لە یارییەکی لوتکە و ئاگریندا هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و بروسیا دۆرتدمۆندی ئەڵمانی لە یاریگای یانە لەندەنییەکە رووبەرووی یەکتر دەبنەوە، کە یاری چوون بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانە ئەڵمانییەکە کۆتایی هاتبوو.
سەبارەت بە یارییەکە گراهام پۆتەر راهێنەری یانەی چێڵسی گووتی:
یاریکردن بەرامبەر دۆرتمۆند بەچێژە، ئەوان تێپێکی مەزنن و خاوەنی کۆمەڵیک بردنەوەی بەدوای یەکن لەمساڵدا، ئێمەش بە ئەرێنی لە یارییەکە دەڕوانین و دەمانەوێت کۆتایی بە سەرکەوتنەکانیان بهێنین.
پۆتەر سەبارەت بە ئامادەبوونی کانتی گووتی
کانتی یاریزانێکی بەتوانایە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە یاری نەکردووە بۆیە لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ ئەوەی 90 خولەک یاری بکات، پێویستی بەکاتە تا توانای تەواوەتی بۆ بگەڕێتەوە.
پۆتەر سەبارەت بە ئامادەبوونی جەیمس گوتی:
دڵنیا نیم جەیمس لە یارییەکە بەشدار دەبێت یاخود نا، سبەی بریار لەسەر ئەوە دەدەین.
راهێنەرەکەی بلوز لە درێژەی قسەکانیدا گووتی:
خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردووە، لێدانە یەکلاکەرەوەکانیش یەکێکن لە ئەگەرە کراوەکان، بۆیە بەباشی مەشقمان لەسەری کردووە.
راهێنەری یانە لەندەنییەکە لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی:
چێڵسی یانەیەکە بەردەوام پێویستە سەرکەوتن تۆماربکات، هاندەران مافی خۆیانە ناڕەزایی دەربڕن، بەڵام لە ئێستادا پێویستمان بە پشتگیرییانە، لە یاری لیدز زۆر پاڵپشتیان کردین، لەم یارییەش جارێکی دیکە پێویستمان بە هاندان و پاڵپشتی ئەوانە تا بتوانین بردنەوە بەدەستبهێنین.
لەلایەکی دیکەوە ئێدین تێرزیکی کڕواتی و راهێنەری یانە ئەڵمانیەکە بەمشێوەیە لەبارەی یارییەکە قسەیکرد:
یارییەکی بەهێز چاوەڕوانمانە، سەرکەوتنمان لە یاری یەکەمدا مانای ئەوە نییە گەیشتنمان بە قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، چێڵسی یانەیەکی بەهێزە و بەم دواییانەش بەباشی خۆیان ڕێکخسووەتەوە، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ یارییەکە بکەین.
راهێنەرەکەی دۆرتمۆند سەبارەت بە بیلینگهام بەمشێوەیە دوا:
بیلینگهام یەکێکە لە یاریزانە بەهرەدارەکانی ئەم سەردەمە، پێشەوای تیپەکەمان دەبێت لە ستامفۆرد بریج و دەمەوێت وەک سەرکردەیەک لە یارییەکەدا بەدیار بکەوێت و بە هاوکاری هاوڕێکانی یانەکەمان بگەیەنێتە قۆناخی داهاتوو،
ئێدین لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی:
لای هەمووان ئاشکرایە لەم ساتە هەستیارە هەندیک پێکانی سەخت بەرۆکی گرتین، بەڵام هیوادارم لەم یارییەدا کار لەسەر ئاستمان نەکەن، شوێنگرەوەی گونجاومان دیاریکردووە بۆ یاریزانە دابراوەکان و بە هەموو توانای خۆمان دەچینە یاریگا.