چەند سەرنجێک لە سەر قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان

بە ئەنجامدانی تەواوی یارییەکانی گەڕی چواردەهەم کۆتایی بە قۆناغی یەکەمی خولی نایاب هات و ئاراراتیش بە ٢٦ خاڵ پێشەنگی خولەکەیە ، بەدوو بەش دەمەوێ تیشک بخەمە سەر تەواوی خولەکە لە ڕوی بەڕێوەبردن و ئاست و ئەنجام و ئامادەکاری یانەکان
سەرجەم یانەکانی ئەمساڵ ئاستیان زۆر زۆر لەیەکەوە نزیکە بەجۆرێک نەهیچ تیپێک سەلماندویەتی دەتوانێ پاڵەوان بێت و نە هیچ یانەیەکیش مەترسی دابەزینی تەواوەتی لەسەرە ، لەهەمانکاتیش تیپەکانی ناوەندی ریزبەندی بە بردنەوە و شکستیک چەندین پلەی ڕیزبەندی دەبرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئاستی یانەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن.
قۆناغی یەکەمی خولی ئەمساڵ لە ڕووی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنەوە یەکێک بووە لەباشترین ساڵەکانی مێژووی خولی کوردستان ، بەتایبەت لەدیاریکردنی کاتی خول و یاریەکان و بریارە ئیداریەکان و لەهەموی گرنگتر خولەکە لە پێشاندانی شەخسی تایبەت و ڕۆڵگێرانی کەسیەوە گۆڕاوە بۆ شێوازێکی گشتی و هەموان ڕۆڵی تێدا دەبینن.
ئەوەی گرنگە بەردەوامی بدرێت بەو شێوازە رێکخستنە و لەکۆتایەکانی خولەکە دیسان یاری بە سەرکەوتن و دابەزینی یانەکان نەکرێت و بەوردی ئاستی ناوبژیوانان و سەرپەرەشتیاران هەڵبسەنگێنن بەتایبەت لەیاریە چارەنوسازەکاندا .
بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتیەکەش ڕۆڵێکی زۆرباش و کاری زۆر جوانیان کردوە، بەجۆرێک لەگەیاندنی پەیام و ئەنجام و کات و شوێن و گوڕانکارییەکان و دانانی باشترین پێکهاتە و باشترینەکانی مانگ لەهەموی گرنگتر پەیوەست کردنی یانەکان بەپەیوەندی کردن و ئاراستەکردنی نوسراوەکان لە ڕێگەی ئیمێڵ کە ئەمەیان بەنسبەت خولی کوردستان نوێ بوو .
دەخوازم ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە بەردەام بێت و لەداهاتوش بەبەرنامەی نوێ خولەکە جوانتر بکەن، پێشنیاریش دەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی بۆ پاش یاریەکان زیاد بکرێت بەشێوازێکی ڕێکخراو لەلایەن یانەی میواندار و ناچارکردنی یانەکان پێدنای پێکهاتەی هەردوو یانە لە پێش دەستپێکی یاریەکان بە راگەیاندنکاران و کەناڵەکان و ناچارکردنی یانەکان بە دروستکردنی شوێنی گونجاوی ڕاگەیاندنکاران کەبەداخەوە هێشتا زۆرێک لەیانەکان لە گرنگی ڕاگەیاندن نەگەشتون و هەروەها دانانی فۆتۆگرافەر و نوێنەری تایبەتی یەکێتیەکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
ئاستی یاریزان و شێوازی یاریکردنی یانەکان وەک هەمیشە نەگۆڕ و یەک پاکێجە ، ڕۆیشتنی و بەشداریکردنی بەشێکی زۆر لە یاریزانە زۆر باش و ئەستێرەکانی خولی کوردستان بۆ یانەکانی عێراق بەتایبەت (هەولێر و نەورۆز و دهۆک و زاخۆ و پێشمەرگەی سلێمانی و یانەکانی عێراق ) تاڕادەیەکی زۆر چێژی یاریەکانی کەم کردۆتەوە و وەرز دوای وەرز ژمارەی هاندەرانیش تا دێت بەرەو کەمبونەوە دەچن .
ئەوەی لەخولی ئەمساڵ بەرچاو دەکەوت دەرکەوتنی چەندین یاریزانی لاو لەکۆی یانەکان کە جێگای دڵخۆشیە ئەم هەنگاوە و بەهیوای ئەوەی ڕاهێنەرەکان دەرفەتی زیاتر بەیاریزانە لاوەکان بدەن و یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش خولی لاوان ڕێکخراوتر و بەهێزتر بکات .
ڕاگەیاندنکاری وەرزشی : دانالەتیف