هەولێر سەرووی ڕیزبەندی وەرگرت و ڕانیەش بە سەرکەوتن شاد بوویەوە

ئەمڕۆ لە کۆتا ڕۆژی گەڕی هەشتەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەی پیشەسازی دووەم یاری لە سەریەکی بردەوە و سلێمانیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی قەڵادزێی شکست بەش کرد.
چوارشەممە 28/12/2022 یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان کۆتایی هات، لە یاریەکی بەهێزدا هەر دوو یانەی بابان و بازیان بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، بابان لە پلەی حەفتەمە بە 12 خاڵ و بازیانیش لە پلەی یازدەمە بە 10 خاڵ.
لە یاریەکی بەهێزدا یانەی سلێمانی بووە میوانی یانەی قەڵادزێ، سلێمانی یاریەکەی بە ئەنجامی 2 _ 0 بردەوە و هەر دوو یانەش لێدانی سزایان لە دەستدا، سلێمانی بە 15 خاڵ لەپلەی دووەمە و قەڵادزێ بە 13 خاڵ لە پلەی چوارەمدایە.
یانەی پیشەسازی دووەم سەرکەوتنی لە سەریەک لە خولەکە بەدەستهێنا کاتێک بووە میوانی یانەی ڕواندز، پیشەسازی بە ئەنجامی 1 _ 0 بردەوە و بە 9 خاڵ خۆی گەیاندە پلەی یازدەم و ڕەواندزیش بە 7 خاڵ لە پلەی شازدەم مایەوە.
یانەی هەولێر سەرووی ڕیزبەندی یانەکانی وەرگرت دوای سەرکەوتنی بە سەر یانەی برادۆست بە ئەنجامی 1 _ 0 گۆڵ، بەم سەرکەوتنە هەولێر بە 17 خاڵ هاتە پلەی یەکەم و برادۆستیش بە 4 خاڵ لە پلەی هەژدەم دێت.
ئەنجامی یارییەکانی تر بەمشێوەیە بوو
هەڵۆ 1 بروسک 1
ڕانیە 1 ڕزگاری 0
خانەقین 1 کۆیە 2
زانکۆی جیهان 3 شۆریجە 0
یاری سێمێل و گاڕە بە هۆی ئامادە نەبوونی یانەی گارە ئەنجام نەدرا، هەروەها لەم گەڕەدا یانەی خاک چاوەڕوان بوو.