یانەی هەولێر هەڕەشەی کشانەوە دەکات

یانەی هەولێری بەشدار لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان هەڕەشەی کشانەوە دەکات لە خولەکە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆیان یانەی هەولێر ڕایانگەیاندووە بە هۆی هەندێک لە ناداد پەروەری بڕیارەکانی ناوبژیوان لە یارییەکانی ڕابردوودا چیتر قبوڵ ناکەین و لە ئەگەری دووبارە بوونەوە بڕیاری کشانەوە لە خولەکە دەدەین.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی یانەی هەولێر
(وەك ئاگادارن تیپی تۆپی پێی خولی کوردستانی یانەکەمان بەشداربوو لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، (7) حەوت یاری لە خولەکە ئەنجامداوە بەرامبەر یانەکانی (بابان، سێمێڵ، خانەقین، کۆیە، گارە، بازیان، شۆڕیجە)، لە پێنج یاری لە کۆی ئەو حەوت یارییە بە شایەتی سەرپەرشتیارە بەڕێزەکانی ئەم یارییانە، ستەم و ناحەقیەکی گەورە بەرامبەر یانەکەمان کراوە بە تایبەتی لە لایەن ناوبژیوانانەوە.. بەداخەوە پار ساڵیش بە هەمان شێوە ستەمێکی زۆر لە یانەکەمان کرا و دیسانەوە ناوبژیوانان هۆکاری دابەزینی یانەکەمان بوون لە ریزی یانە نایابەکانەوە بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان.
لێرەوە داواکارین چاو خشاندنەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی یانە پلە یەکەکان بکرێت و کەسانی شارەزا و بە ئەزموون لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەکە بن و تەنها داوامان بەڕێوەبردنی یارییەکانە بە شێوازێکی دادپەروەرانە. لە کۆتاییدا رایدەگەیەنبن ئەگەر بێتو لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەمان ستەم و ناحەقیمان بەرامبەر بکرێت، ناچار دەبین کشانەوەی خۆمان لە خولەکە رابگەیەنین.
تێبینی:
– لە ماوەی رابردوودا یەکێتی تۆپی پێی کوردستانمان لەو ناحەقیانەی بەرامبەر یانەکەمان ئاگادار کردۆتەوە و داواکارییەکانیشمان پێشکەشی سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کردووە.
– لە کۆمێنت ڤیدیۆی سەرجەم ناحەقی نێو یارییەکان بەرامبەر یانەکەمان دانراوە)