
ئەمڕۆ لە یاریەکی لووتکەی خولی نایابی عێڕاق یانەی هەولێر میوانداری یانەی تەڵەبەی کردوو یاریەکەشی بە ئەنجامی 2 _ 0 بەیانەکەی شاری بەغداد دۆڕاند.
بۆ ئەم وەرزە سێ یاریزانی کورد لە ڕیزی یانەی تەڵەبە دەبینرێن کە لە ( دلۆڤان مەهدی گۆڵپارێز و ئەرکان ئەمیر یاریزانی هێلی بەرگری و محمدحەمید یاریزانی هێرشبەر ) پێکهاتوون.
دوای تەواو بوونی یاریەکەی ئەمڕۆ یاریزان ئەرکان ئەمیر دەربارەی سەرکەوتنەکەیان و جێهێشتنی ڕیزی یانەی هەولێر تایبەت بۆ یاریگانێت ووتی ( سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی گرینگمان بەدەستهێنا و دەمانەوێت زیاتر لە ڕیزبەندی پێشەوە نزیکبینەوە و کێبڕکێی وەرگرتنی سەرووی ڕیزبەندی یانەکانی خولی نایابی عێڕاق دەکەین و هیوای بەختێکی باشتر بۆ یانەی هەولێری خۆشەویست دەخوازم، من پێشووتر لە ڕیزی یانەی هەولێر بووم ئاستێکی باشم پێشکەش دەکرد بەڵام نازانم بۆچی منیان دوورخستەوە لەو یانەیە هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ جێهێشتنی یانەی هەولێر، شانازی دەکەم لە ڕیزی یانەی تەڵەبە یاری دەکەم و دەبێتە یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی ژیانم چونکە یاریزانەکانی عێڕاق خەون بەوە دەبینن بۆ چوار یانە جەماوەریەکەی بەغداد یاری بکەن)
لە پرسیارێکی تایبەتدا ئایا ئەرکان ئەمیر ئەگەر هاتوو هەولێر داوای لێبکات یاری بۆ بکات جارێکی تر ڕازی دەبێت بگەڕێیەوە یانەی هەولێر؟ ئەرکان ووتی ( بەدڵنیایی یەوە بۆ هەموو شتێک گفتوگۆ هەیە و خزمەتکردنی یانەی دایک شانازیەکی گەورەیە بۆ من بۆیە ئامادەم جارێکی تر درێسی پاسەوانەکانی قەڵا بپۆشم و بەرگری لێبکەم )