گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات و سەیدسادق بە شکست دەستیپێکرد

گەڕی یەکەمی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات و یانەی سەیدسادق بە شکست لە نێو یاریگای خۆی دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ هەینی لە کۆتا ڕۆژی یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی دەربەندیخان میوانداری یانەی برایەتی کرد و دەربەندیخان بە ئەنجامی 2 _ 0 یاریەکەی بردەوە، گۆڵەکان ( هەردی مەحەمەد و فەرمان عوسمان) تۆماریان کرد.
یانەی هەندرێن لە نێو یاریگای خۆی بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی سۆرانی بردەوە، هەندرێن توانی 4 _ 0 سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و گۆڵەکان ( ماجدراشد 2 گۆڵ و باهۆزسدیق و عەبدولمنعم ) تۆماریان کرد.
یانەی ئارارات لە نێو یاریگای خۆی بەرامبەر بوو بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە، گۆڵی ئارارات ( ئیسماعیل یاسین ) تۆماری کردو گۆڵی چوارقوڕنە یاریزانی یانەی ئارارات ( نەزیرحەمید ) بە هەڵە لەخۆیانی تۆمارکرد، چوارقوڕنە یەکەمین خاڵی لە مێژووی خولی نایابی کوردستان بە دەستهێنا.
یانەی سەیدسادق بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆری یانەکەی میوانداری یانەی زاخۆی کرد، زاخۆ بە ئەنجامی 1 _ 0 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە یاریزان ( شڤان سەبری ) تۆماری کرد و سەیدسادقی لە نێو یاریگای خۆی تووشی شکست کرد.