Loading advertisement...
کوردستان

شێروانە بە هێنانی یاریزانی پیشەگەر ڕیزەکانی بەهێزتر دەکات

دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی یانەی شێروانە بڕیاریدا بە نوێکردنەوەی گرێبەستی ڕاهێنەری پارساڵی یانەکەیان ( عادل عەلی ) بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، یانەکە لە ژێر سەرپەرشتی ئەو ڕاهێنەرە چەند ڕۆژێکە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە.

شێروانە بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت بە بەهێزیەوە بەشداری خولی نایابی کوردستان بکات، بۆ ئەمەش گرێبەستی بە شێك لە یاریزانەکانی خۆی نوێ کردۆتەوە و لە سەر داوای ڕاهێنەریش چەند یاریزانێکی تازەیان هێناوەتە ڕیزی یانەکە.

( موسعەب جەمال ) یەکێك لە و یاریزانانەی کە وەرزی ڕابردوو لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بۆ یانەی خانەقین یاری دەکرد دوێنێ بە فەرمی پەیوەندی بە یانەی شێروانەوە کرد، موسعەب لە هێلی ناوەڕاست یاری دەکات و لەگەڵ یانەی خانەقین ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد بە درێژایی وەرزی ڕابردوو.

هەروەها یانەی شێروانە گرێبەستی لەگەڵ گۆلپارێزی کوردی ڕۆژهەڵات ( مختارموحسین) و یاریزانی هێلی ناوەڕاست ( سەعیدقودرەت ) واژۆ کردووە، جگە لەم پیشەگەرانەش گرێبەستی یاریزانی پیشەگەری خۆی ( ئارمین مەحەمەد)ـی ئێرانی تازە کردۆتەوە.


بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان یانەی شێروانە مەبەستیەتی بە بەهێزیەوە دەربکەوێت و کێبڕکێ بکات لە سەر بەدەستهێنانی پلەیەکی باشی ڕیزبەندی خولەکە.

Back to top button