
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق، بەشێك لە یانەکانی عێڕاق و هەر دوو یانەی نەورۆز و زاحۆش بە مەبەستی ئەنجامدانی کەمپی مەشقی و یاری دۆستانە ئێستا لە شاری هەولێرن.
ماوەی هەفتەیەکە یانەی شوڕتەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو ڕووی لە شاری هەولێر کردووە بۆ کەمپی مەشق و ڕاهێنان، یانەکە بە سەرپەرشتی ( موئمین سلێمان)ـی ڕاهێنەری میسڕی بە یانیان و ئێواران لە یاریگای یانەی برایەتی مەشق و ڕاهێنان ئەنجامدەدەن.
یانەی حدودیش ماوەیەکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە لە هەولێر و دوو یاری دۆستانەشی ئەنجامداوە، یاری یەکەم لەگەڵ یانەی هەولێر بە گۆڵێك یەکسان بوو، دوێنێش بە دوو گۆڵی خاوێن لە یانەی نەورۆزی بردەوە.
یانەی نەورۆزی شاری سلێمانیش بۆ دوو یاری دۆستانە هاتۆتە شاری هەولێر، یاری یەکەم لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێڕاق بە دوو گۆڵ دۆڕاو یاری دووەمیش بە هەمان ئەنجام بە یانەی حدود دۆڕا، بڕیاریشە یانەکە کەمێکی مەشق لە وڵاتی تورکیا بکاتەوە و لەوێش چوار یاریزانی پیشەگەری بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەکەوە بکەن.
چەند ڕۆژێك لە مەوبەر یانەی زاخۆ گەیشتە شاری هەولێر و کردنەوەی کەمپی مەشقی ڕاگەیاند و بڕیارە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوام بێت وچەند یاریەکی دۆستانەش ئەنجامبدات.
بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا یانەی نەفتی میسان بگاتە شاری هەولێر و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق دەست پێبکات.