بەفەرمی چوار یانە لە نایابەوە دابەزین بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق

ئەمڕۆ بەشێك لە یارییەکانی گەڕی 38ـی خولی نایابی عێڕاق کە دوا گەڕی یارییەکان بوو بەڕێووەچوو، ناسنامەی هەر چوار یانە دابەزیوەکە ئاشکرا بوون.
یانەی سامەڕا و مینا تاکە یانە بوون چەند گەڕێك پێش یارییەکانی ئەمڕۆ دابەزینیان بۆ خولی یانە پلەیەکەکان مسۆگەر کردبوو.
یانەی دیوانییە لە نێو یاریگای خۆیدا لەگەڵ یانەی شوڕتەی پاڵەوانی خولەکە بە گۆڵێك یەکسان بوو، بەم ئەنجامەش دیوانییە کۆی خاڵەکانی لە 38 خاڵە وە بۆ 39 خاڵ بەرز کردەوە لە پلەی هەژدەمی خولەکە دێت و بەفەرمی دابەزین بۆ خولی یانە پلە یەکەکان.
یانەی ئەمانەی بەغداد کە تێیدا سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی بۆ دەکات، لەگەڵ یانەی تەڵەبە بە ئەنجامی 2 _ 2 یەکسان بوون، کۆی خاڵەکانیان بووبە 39 خاڵ و لە پلەی حەڤدەم جێگیر بوون، بەفەرمی یانەکە دابەزین بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق بۆ وەرزی داهاتوو، لە ئەگەری سەرکەوتنیان لە یاری ئەمڕۆدا یانەکە لە ڕیزی گەورەکانی عێڕاق دەمایەوە.

تا ئێستا دەنگۆی بە پیشەگەر بوونی خولی عێڕاق لە ئارادایە و ئەگەر گۆڕانکاری بە سەر خولەکە بێت ڕەنگە ئەو یانانە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بەفەرمی بڕیار لە سەر شێوازی خولەکە دەدات بۆ وەرزی 2022 _ 2023.