
یاریگا–
دوای ئەوەی ئێدین دزیکۆ هێرشبەری بۆسنیایی یانەی رۆمای ئیتاڵیا ریزەکانی ئەو یانەیەی جێهێشت، بەرپرسانی ئەو یانەیە هەر زوو بە دوای شوێنگرەوەی گەڕان و بۆ ئەم مەبەستەش یانەیە دەیەوێت تامی ئابراهام هێرشبەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی بگوازێتەوە.
جانلوکا دی مارزیۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ئاشکرای دەکات، هەردوو یانە لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ سێریائەی گەیشتونەتە رێکەوتن و تەنها ماوە ئەو یاریزانە رازی بێت، دەنگۆیەکیش هەیە یانە ئیتاڵیەکە ئەو یاریزانە بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە و ئەو پارەیەش بۆ ماوەی چوار ساڵ پێشکەشی بلوز دەکرێت.
ئابراهام تاوەکو هاوینی ساڵی 2024 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە و مەرجی یانەکەشی بۆ دەستبەرداربوونی 55 ملیۆن یۆرۆیە.