
یانەی ئەیسی میلان رازییە لە نێوان 18 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ بداتە تۆتنهام لە پێناو گواستنەوەی ئێمرسۆن رۆیاڵی بەڕازیلی.
میلان کێشەی بەرگری باڵەکانی هەیە و بژاردەکانی بازاڕی گواستنەوەش زۆر نین. تۆتنهام سەرەتا داوای 30 ملیۆنی دەکرد بۆ ئێمرسن بەڵام بەگوێرەی گازیتا دیلۆ سپۆرت، ئێستا ئەو یانەیە داوای نزیکەی 20 ملیۆن دەکات و میلانیش بەو نرخە رازییە.
بەگووتەی سەرچاوەکە، سبەینێ پاولۆ فۆنسێکا وەکو راهێنەری نوێی یانەکە بەفەرمی دەناسێندرێت و ئێمرسۆنیش دەبێتە یەکەم گرێبەستی ئەو راهێنەرە بۆ رۆسۆنێری. هاوکات زڵاتان ئیبراهیمۆڤیج وەکو بەڕێوبەری گشتیش دەستبەکار دەبێت.
ئێمرسۆن لە 2019دا گوێزرایەوە بارسێلۆنا و تەنها سێ یاری ئەنجامدا بۆ ئەو یانەیە، دواتر بە خواستن درا بە ریاڵ بیتس. لە 2021 روویکردە تۆتنهام هۆتسپێرز و لەوکاتەوە یاری بۆ ئەو یانەیە ئەنجام دەدات.