
لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا یاریگای فرانسۆ هەریری تایبەت بە یانەی هەولێر نۆژەن بکرێتەوە.
ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە گوژمەی یەک ملیار و 761 ملیۆن دینار لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ نۆژەنکرنەوەی یاریگای فرانسۆ هەریری تەرخان بکرێت و جارێکی تر چیمەنی یاریگاکە بگۆڕدرێت، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە سەردانێکیدا بۆ یانەی هەولێر کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی یانەکەوە پێشوازی لێکرا، پارێزگاری هەولێر پێی ڕاگەیاندن کەوا لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت و وەک دیاریەک بۆ یانەکە بڕیاردراوە دوای تەواو بوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ڕاستەوخۆ دەست بە نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە بکرێت.
یاریگای فرانسۆ هەریری لە ساڵی 1956ەوە دروستکراوە و شوێنی 20000 بیست هەزار دەگرێت، دواین جار کە یاریگای فرانسۆ هەریری نۆژەنکرایەوە ساڵی 2011 بوو لەو کاتەوە بە هۆی قەیرانی دارایی یەوە کە ماوەی 13 ساڵە چیمەنی یاریگاکە نەگۆڕدراوە.