Article
کوردستان

ئاکرێ و سیروانی نوێ یاری لوتکە دەکەن و سۆرانیش تەنها بە سەرکەوتن ڕازیە

test

ئەمڕۆ پێنج شەممە 15\2\2024 لە کەشێکی باراناویدا، ڕۆژی یەکەمی گەڕی بیستەمی خولی نایابی کوردستان بە ئەنجامدانی چوار یاری دەستپێدەکات.

یانەی شەقڵاوە لە یاریگای خۆی ڕووبەرووی یانەی دەربەندیخان دەبێتەوە، شەقڵاوە دوای گۆڕانکاریەکی زۆر لە پێکهاتەکەی و هێنانی چەند یاریزانێکی ئاستبەرز دەیەوێت ئەنجامەکانی باشتر بکات و خۆی لە پلەی پازدەم دووربخاتەوە کە بە 18 خاڵ تێدا جێگیر بووە، یانەی دەربەندیخانیش بۆ بەردەوام بوون لە ڕکاربەری یانەکانی پێشەوە یاری دەکات کە ئێستا به 28 خاڵ لە ڕیزبەندی شەشەمدایە، لە یاریگای ئازادە ڕەشی تایبەت بە یانەی ڕانیە، یانەی هەولێر دەبێتە میوانی یانەی ڕانیە، لە قۆناخی یەکەم ڕانیە لە نێو یاریگای هەولێر بەگۆڵێکی دوا خولەکی یاریەکە لە یانەی هەولێریان بردبۆوە، هەولێر لە پلەی دەیەمە بە 23 خاڵ و ڕانیەش 24 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەم دێت.

لە سۆرانیش یانەی پێشمەگەی هەولێری خاوەن ڕیزبەندی دووەم بە 31 خاڵ، دەبێتە میوانی یانەی سۆران کە لە کۆتا ڕیزبەندی خولەکەیە و تەنها 17 خاڵی هەیە، یانەی سۆران دوای گەڕانەوەی ڕاهێنەری پێشووی تیپەکەی کۆڤان نەزمی و هێنانی دوو یاریزانی پیشەگەر، چەند ڕۆژێکە داوا لە هاندەرانی دەکات لە یاریگا ئامادەبن و پاڵپشتی یانەکە بکەن بۆ ئەوەی لە ڕیزی نایابی کوردستان بمێنێتەوە.

یاری لوتکەی ئەم هەفتەیە لە نێوان یانەی ئاکرێ و یانەی سیروانی نوێ دەبێت لە یاریگای ئاکرێ، سیروانی نوێ 29 خاڵی هەیە لە پلەی پێنجەمە و یانەی ئاکرێش بە هەمان خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی چوارەم دێت، ئاکرێ دەستلەکارکێشانەوەی ڕاهێنەری تیپەکەی هەژار سابیری دوای یاری ڕابردوو قبوڵ نەکرد و بڕیاریاندا بەردەوام بێت لە ئەرکەکەی و متمانەیان هەیە دانابڕێن لە کێبڕکێ کردن لەگەڵ یانەکانی تر لە سەر پلەکانی سەرەوە و تایبەت نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان.

بابەتی زیاتر

//
Back to top button