
لە گەڕی یازدەمی خولی پلە یەکی کوردستان، لە یاری لوتکەی ئەم هەفتەیەدا یانەی پیشەسازی لە نێو یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی کۆیە دەبێتەوە.
ڕۆژی هەینی 9\2\2024 یانەی کۆیەی خاوەن پلەی دووەمی ڕیزبەندی کە 25 خاڵی هەیە لە شاری هەولێر دەبێتە میوانی یانەی پیشەسازی کە بە 24 خاڵ لە ڕیزبەندی سێیەمی خولی پلە یەکی کوردستان دێت، تۆڕی وەرزشی یاریگا ڕاهێنەری هەر دوو یانەی دواند سەبارەت بە یاریەکە و سەرەتا ( مەولود ڕەمەزان ) ڕاهێنەری یانەی پیشەسازی گوتی؛ ئامادەکاری باشمان کردووە و دەمانەوێ بەردەوام بین لە سەر ئەنجامە باشەکانمان و تاکە یانەین ئەم وەرزە شکستمان نەهێناوە مەبەستمانە هەرواش بمێنینەوە، متمانەی تەواوم بە یاریزانەکانم هەیە بەهەمان گوڕوتینی پێشووتر و زیاتریش بۆ ئەم یاریە ئامادەن، زۆرێک باس لەوە دەکەن کەوا یاریەکە چارەنوس سازبێ بەڵام بەپێچەوانەوە من وای نابینم چونکە هێشتا یاری زۆر دەمێنێ و هیوای گەیشتن بە نایاب لە دەستنادەین، ڕاستە براوەی یاریەکەش تا ڕادەیەکی باش لە نایاب نزیک دەبێتەوە.
سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی پیشەسازی ( دیار حمد ئەمین )یش ڕایگەیاند؛ لە ئەگەری سەرکەوتنی تیپەکە لەم یاریە بەڵێنمان پێدراوە لەلایەن دەستەی کارگێڕی یانەکەوە پاداشتێکی باشی یاریزانەکان بکرێت، کەشێکی باشمان بۆ یاریزانەکان ڕەخساندووە تاوەکو بتوانین لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەبین.
تۆڕی وەرزشی یاریگا دەربارەی ئەم یاریە گرینگە پەیوەندی بە ( زرار کرێکار ) ڕاهێنەری یانەی کۆیە کرد و سەبارەت بە ئامادەکاری تیپەکەی بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە؛ ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ڕۆژی هەینی بەرامبەر یانەی پیشەسازی بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتن بە دەستبهێنین و زیاتر خۆمان لە نایاب نزیک بکەینەوە، دەستەی کارگێڕی یانەکە بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پاڵپشتی تیپەکەیان کردووە، لە سەرەتای وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی ئەو تیپە ئامانجی ئێمە سەرکەوتن بوە بۆ ڕیزی نایاب لە وەرزی داهاتوو، هەوڵ و کۆششی ئەمساڵ جیاوازترن لە وەرزەکانی ڕابردوو هاندەرانمان بەشێکی گرینگی یانەکەن و ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەکان، هەموان هەوڵدەدەین خەونی چەند ساڵەی یانەکە و هاندەرانی بکەینە ڕاستی و کۆیە لە ڕیزی نایاب بێت لە وەرزی داهاتوو.