Article
کوردستان

دانا کامەران هۆکاری تووڕەبوونی لەکاتی گۆڵکردن ئاشکرا دەکات

test

یاریگا –

دانا کامەران یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر هۆکاری تووڕەبوونی لەکاتی تۆمارکردنی گۆڵ ئاشکرا دەکات و باسی ئامانجی ئەم وەرزەی تیپەکەشی دەکات.

دوێنێ دوو شەممە 5\2\2024 لە پیرمام لە گەڕی هەژدەمی خولی نایابی کوردستان یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە چوار گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی دهۆکی بردەوە، دانا کامەران توانی دوو گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات، دانا هۆکاری تووڕەبوونی لە بڕی خۆشی دەربڕینی لە کاتی تۆمارکردنی گۆڵەکان بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرا دەکات و دەڵێت:’ دوو یاری بوو گۆڵم تۆمار نەکردبوو منیش دڵتەنگ بووم بەو دۆخە، چونکە هەمیشە حەز دەکەم هاوکارێکی باشی یانەکەم بکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، لە کاتی لە دەستدانی هەر هەلێکیش ئازارەکەی دەرنابڕم و لە ناخم دەیهێڵمەوە هەر ئەمەش هۆکار بوو کە بەمشێوەیە کاردانەوەم هەبێت’.

هێرشبەرەکەی پێشمەرگەی هەولێر دەربارەی ئامانجی یانەکە گوتیشی:’ ئامانجی ئێمە کێبڕکێکردنە لەسەر ڕیزەکانی پێشەوە و دەمانەوێت ناسناو بە دەستبهێنین، پێش هەموو یارییەک سەمیر بابۆی ڕاهێنەر پێمان دەڵێت گەر بمانەوێ کێبڕکێی ناسناوەکان بکەین نابێ خاڵ لە یاریگای خۆمان لە دەستبدەین، نابێ لە یاریگای دەرەوە کاریگەری لە سەرمان هەبێ و بۆ من جیاوازی نییە یاریگای خۆمان یاخود دەرەوە، دەبێ بە خاڵ لە یاریگا بێینەوە دەرەوە ئینجا دەتوانین کێبڕکێی ڕیزەکانی پێشەوە بکەین’.

لە پرسیارێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا دەربارەی جیاوازی نێوان خولەکانی کوردستان و خولەکانی عێڕاق دانا گوتی:’ من جیاوازییەکی زۆر دەبینم لە نێوان هەر دوو خول، خولی عێڕاق لە ڕووی کوالێتی یاریزانەکان تایبەت مەبەستم یاریزانە پیشەگەرەکان زۆر بەرزترە لە خولی کوردستان، بەکارهێنانی سستەمی ڤار و یاریگایەکانی عێڕاق کە ئێستا لەوپەڕی جوانی و باشیدانە وایکردووە جیاوازی لە نێوان هەردوو خول دروستبکات، خولی عێڕاق ئێستا خولێکی جیهانییە بەهۆی ئەو پێشکەوتنانەی کە ئێستا تێدا جێبەجێ دەکرێن، هیوادارم خولی کوردستان و یاریگاکانی کوردستانیش بەمشێوەیە ببینین کە ئەوکات دڵنیام یاریزانانی ئێمەش تواناکانیان زیاتر بەدەر دەکەوێت’.

دانا کامەران دوای تێپەڕ بوونی 18 گەڕ لە خولی نایابی کوردستان ئێستا گۆڵکاری خولەکەیە بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ و فەرزندە محەمەد یاریزانی یانەی دەربەندیخان بە 8 گۆڵ لە دوای ئەودێت.

بابەتی زیاتر

//
Back to top button