
یانەی شێروانەی خاوەن ڕیزبەندی یەکەمی خولی نایابی کوردستان پێکهاتەی باشترینەکانی مانگی یەکی داگیر کردووە و زۆرترین یاریزانی لە پێکهاتەکەدایە.
دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە مانگی ڕابردوو پێشکەشیان کرد کە لە کۆی پێنج یاریدا چوار سەرکەوتن و شکستێکیان هەبوو، یانەی شێروانە سێ یاریزانی لە پێکهاتەی مانگدایە و وێڕای ئەوەش ڕاهێنەری یانەکە ( عادل عەلی ) سەرپەرشتی پێکهاتەکە دەکات، هەریەک لە گۆڵپارێز ( هەڤاڵ بەهائەدین ) کە تەنیا یەک گۆڵی لێکرا بوو ( محەمەد جەلال ) کاپتن و یاریزانی دڵی بەرگری و ( موئەیەد سەفا) لە پێکهاتەی باشترینەکانی مانگی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان بوون، هەر بۆ مانگی ڕابردوو ڕاهێنەر و گۆڵپارێزی یانەی شێروانە بە باشترین ڕاهێنەر و گۆڵپارێز دیاریکران.
پێکهاتەی باشترینەکانی مانگ لەلایەن سەرپەرشتیاری یارییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و لە کۆتایی مانگ لیژنەی باشترینەکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و باشترینەکان دەستنیشان دەکات.