
دوای ئەوەی ڕەوەند عەبدولخالق لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی هەندرێن دوور خرایەوە، ڕاهێنەری ناوبراو هۆکاری دوورخستنەوەکەی و ڕەتکردنەوەی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی قەڵادزێ بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرا دەکات.
ڕەوەند لە سەر دوورخستنەوەکەی لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی هەندرێن گووتی ؛ لەگەڵ ماوەی دەستبەکار بوونمان لە یانەی هەندرێن ڕاستەوخۆ لەگەڵ یاریدەدەرەکانم دەستمانکرد بە دەستنیشانکردنی هەڵە و کەمو کوڕیەکانی یانەکە، پێش یاری دهۆک سەرجەم هەڵەکانمان دەستنیشانکرد و بە نوسراوێک ئاڕاستەی دەستەی کارگێڕی و سەرۆکی یانەکەمان کرد کە تیایدا باسمان لەوە کردبوو کەسانێک بوونەتە هۆکاری ئەنجامی خراپی یانەکە و پێویستە دوور بخرێنەوە ئەوان 11 ساڵە هۆکارن بۆ ئەوەی هەندرێن نەبێتە پاڵەوان، بەڵام کارگێڕی و سەرۆکی یانەکە قبوڵیان نەبوو ئەم کەسانە دوور بخرێنەوە بۆیە ئێمەش ڕازی نەبووین بەردەوام بین و ئێمەیان لە تیپەکە دوور خستەوە.
ڕەوەند عەبدولخالق سەبارەت بە وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی قەڵادزێ گووتی؛ سەرخستنی تیپی قەڵادزێ بۆ ڕیزی نایاب لە ئێستادا کارێکی سەختە کە ئەمەش مەرجی یانەکەیە، هەروەها داوام کرد ستافی ڕاهێنەران لە سەر داواکاری خۆم بێت و خۆم دەستنیشانیان بکەم بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون، بۆیە پێم باشبوو ئەرکەکە ڕەتبکەمەوە.