
بە مەبەستی ڕزگار بوون لە دوایین پلەی ڕیزبەندی، یانەی سەیدسادق بە نیو کاتژمێر شەش گرێبەستی ڕاگەیاند بۆ یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان.
پێش داخستنی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بە دوو کاتژمێر، کەمێک لە مەوبەر یانەی سەیدسادق کە لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندی خولی نایابی کوردستان دێت گرێبەستی لەگەڵ پێنج یاریزان و گۆڵپارێزێک ڕاگەیاند، یانەکە توانی هەر یەک لە ڕێبەند جەمال و موهەنەد مستەفای یاریزانی پیشەگەری سووری کە لە هێلی هێرشبەر یاری دەکەن بهێنێتە ڕیزی تیپەکە، هەروەها هەمزە سەباح و شاباز سالح لە هێلی بەرگری و بەندەن هەڵۆ لە هێلی ناوەڕاست گرێبەستیان بە فەرمی لەگەڵ واژۆکراوە، سەیدسادق سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گۆڵپارێز محەمەد ساڵح بۆ نێو پێکهاتەکەی.
یانەی سەیدسادق بە سەرپەرشتی ڕاهێنەر ئەرسەلان جەلال لە یەکەم یاری خۆیدا لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان بە تاکە گۆڵێک بە یانەی دهۆک دۆڕا و بە 13 خاڵ لە پلەی کۆتایی خولەکە دێت.