Loading...
ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

کاردانەوەکانی بڕیارەکەی دادگا لەبارەی سوپەرلیگ؛ پێرێز و لاپۆرتا پیرۆزبایی لە هاندەران و یانەکان دەکەن

یاریگا –

دوای بڕیارەکەی دادگای دادی ئەوروپا لە بەرژەوەندیی سوپەرلیگ لەدژی یوێفا و فیفا، فلۆرێنتینۆ پێرێز پیرۆزبایی لە هاندەرانی تۆپی پێ کرد و ئەمڕۆی بە رۆژی سەرکەوتنی یاریی تۆپی پێ ناوبرد، یانەی بارسێلۆناش دڵخۆشی خۆی بە بڕیارەکەی دادگا دەربڕیوە.

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید دوای بڕیارەکەی دادگا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند :’ئەمڕۆ تۆپی پێ و هاندەران و ئازادی سەرکەوتن’.

پێرێز لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێت :’زۆر بە بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا دڵخۆشین، ئەمڕۆ تۆپی پێ، هاندەران و ئازادی سەرکەوتن، چیدیکە بابەتەکە قۆرخ ناکرێت، یانەکان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان دەدەن، ئێستا یانەکان مافیان لەسەر دەستپێکردنی پاڵەوانیەتییەکە هەیە’.

هەروەها راشیگەیاند :’سوپەرلیگ خۆی لەگەڵ خولەکانی ناوخۆیی دەگونجێنێت. دەرگامان بۆ تەواوی یانەکان کراوەیە و ئەم پاڵەوانیەتییە سەقامگیری ئابووری فەراهەم دەکات. ئیتر ئەو قۆرخکارییە ناهێڵێت کە چەندین ساڵە پەیڕەو دەکرێت. خۆمان لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەردەم دەڕۆین، سوپەرلیگ دەبێتە هۆی پاراستنی یاریزانان’.

لەلایەکی دیکەوە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆناش پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت :’ئێستا کاتی ئەوەیە یانەکان بڕیار لە داهاتووی خۆیان و پاڵەوانێتییەکان بدەن، ئێمە پێشوازیی لە بڕیارەکەی دادگا دەکەین’.

لاپۆرتا دەڵێت :’ئێمە بە هیچ شێوەیەک دژایەتی خولی ناوخۆیی ناکەین، بەڵکو بە هەبوونی خول و پاڵەوانێتییەکی بەهێزی ئەوروپی، خولە ناوخۆییەکان هاوسەنگتر و پڕململانێتر دەبن، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت سوپەرلیگ ببێتە رکابەری لالیگا، بەڵکو دەمانەوێت پارێزگاریی لە خولە ناوخۆییەکان بکەین’.

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە :’بارسێلۆنا بە بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا لەبارەی هەڵسەنگاندنی سوپەرلیگ بەو پێشنیازەی کۆمپانیای A22 کردوویەتی، دڵخۆشە. بارسێلۆنا وەک یەکێکە لەو یانانەی سەرکردایەتی پڕۆژەی نوێی سوپەرلیگ دەکات، پێمان وایە سوپەرلیگ رێگە بۆ قۆناخێکی پاڵەوانیەتییەکانی نوێی تۆپی پێ ئەوروپا دەکات و چیدیکە قۆرخکاری ناهێڵێت. پێشوازی لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ هاوبەشانمان دەکەین’.

سیستمی رکابەرییەکان، کێشەی وەک زۆری ژمارەی یاری و تێکەڵبوونی لەگەڵ یاری هەڵبژاردەکان چارەسەر دەکات. سیستمەکە کار لەسەر دارایی خاوێنی یانە بەشداربووەکان دەکات، یاریزانان و هاندەران دەبنە چەقی پاڵەوانیەتییەکە.
پێویستە سوپەرلیگ رێز لە پاڵەوانیەتییەکانی ناوخۆیی و بەرەوپێشچوونیان بگرێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەی بارسێلۆنادا هاتووە :’لەوەتەی دامەزراندنی بارسێلۆناوە لە ساڵی 1899، بارسا بەردەوام یانەیەکی پێشەنگ بووە. بارسێلۆنا سەرکردایەتی چەندین بیروبۆچوونی جیاوازی بۆ هەنگاونان بۆ پیشەگەربوون لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ناوە. لە چەند ساڵی رابردوودا، بارسێلۆنا گەیشتە ئەو بڕوایەی، بەرەوپێشچوون و سەقامگیری تۆپی پێی ئەوروپا پێویستی بە هاتنە کایەی تێگەیشتنێکی نوێیە و سوپەرلیگ هاوتەریبە لەگەڵ پڕوپۆزەڵەکەی کۆمپانیای A22′.

یانە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە :’بارسێلۆنا بە تەواوی پاڵشتی بڕۆپۆزەڵی کۆمپانیای A22 بۆ دروستکردنی سوپەرلیگ دەکات و هانی گفتوگۆی بونیادنەر لە نێوان دامەزراوەکانی تۆپی پێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەدات’.

خاڤیێر تیباس سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا هەرزوو وەڵامی بڕیارەکەی دادگای دایەوە و دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەی سوپەرلیگ دووپاتکردەوە، لە پلاتفۆرمی x نووسیویەتی :’وەکو ئەوەی پێشتر هۆشدارییم دابوو، ئەوان لەمەودوا دەتوانن خول و پاڵەوانێتی لە دەرەوەی یوێفا و فیفا بکەنەوە، لەکاتێکدا من داوام دەکرد رێگایان پێبدرێت پاڵەوانێتییەکە لەژێر سەرپەرشتی یوێفا یان فیفا رێگای پێبدرێت’.

ماڵپەڕی A22 SPORTS کە سپۆنسەری سوپەرلیگە دوای بڕیارەکەی دادگا نووسیویەتی :’ئێمە بردمانەوە، کۆتاییمان بە قۆرخکارییەکانی یوێفا هێنا، تۆپی پێ ئازادە’.

کێڤن مایڵس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێی ئینگلتەرا، هۆشدارییەکی توندی بە یانەکانی پرێمەرلیگدا و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت؛ هیچ یانەیەکی ئینگلیزی مافی بەشداریکردنی لە سوپەرلیگدا نییە.

هاوشێوەی هاوڕێیانمان لە یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێی ئەوروپا باسیان کرد، هیچ شوێنێک بۆ سوپەرلیگێکی جوداخوازی بێ خوێندنەوە نییە.

هاندەران، یاریزانان و یانەکان روونیانکردووەتەوە، نایانەوێت رکابەرییەکی تەقەڵدووراو هەبێت. هەموومان دەمانەوێت دەست بە پەلاپیتکەوە بگرین، تاوەکو گولە بە وەحشیگەرایی خولی زۆمبی ئەوروپاوە بنێین.

رەنگە لاشەکە بە نێو دادگاکانی ئەوروپا هاتووچۆ بکات، بەڵام هیچ یانەیەکی ئینگلتەرا بەشداری لە سوپەرلیگ ناکات. دامەزراوەی رێکخەری سەربەخۆی داهاتوو، رێگە بە هیچ یانەیەکی ئینگلیزی نادات بەشداری لە سوپەرلیگدا بکات، ئەگەر بەشداری بکات، ئەوا لە خولەکانی ناوخۆیی بێبەش دەکرێت.

پێویستە سەرکەوتن لەسەر یاریگا بەدەستبهێندرێت، نەک لە ژوورەکانی ئەنجوومەنی کارگێڕی.

 

Back to top button