
فابیۆ کاپێلۆ راهێنەری بە ئەزموون باسی دۆخی تیمە ئیتاڵییەکان دەکات دوای تیروپشکی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانەکان.
کاپێلۆ بۆ گازیتا دیلۆ سپۆرت سەبارەت بە یارییەکەی ناپۆلی و بارسێلۆنا وتی
ناپۆلی دەبێت بەرامبەر بارسێلۆنا لە رووی بەرگرییەوە رێکخراو بێت. بارسا حەز دەکات لە ناوچەی تیمی بەرامبەر یاری بکات بە تۆپەوە و پەلە ناکەن. ئەوان یاریزانی زیرەکیان هەیە کە دەزانن لەناکاو گۆڵ تۆمار بکەن. بەڵام کاتێک تۆپ لەدەست دەدات و ناپۆلی بتوانێت یەکەم هێڵی بەرگری تێپەڕێنێت ئەوا دەتوانن راستەوخۆ تاوەکو گۆڵ نەوەستن، ئەمەش دەرفەتی ئەوانە بۆ بردنەوە.
کاپێلۆ هاوکات ستایشێکی زۆری ئینتەرمیلانی کرد کە رووبەرووی ئەتڵەتیکۆ مەدرید دەبێتەوە و وتی
ئەنجامی تیروپشکی ئینتەر دەکرا خراپتر بێت. تیمەکەی سیمۆنی یاریکردن بەرامبەریان قورسە، ئەوان لە رووی تەکتیکییەوە زیرەکن و لە دۆخێکی چڕدا یاری دەکەن، لەگەڵ ئەوەش بە کراوەیی یاری ناکەن و تەنها بۆ ئەنجام دێنە نێو یاریگا. ئینتەر یەکێکە لە پاڵێوراوەکان بۆ بردنەوەی ناسناوەکە، پێم وایە تەنها مانچێستەر سیتی و ریاڵ مەدرید لەوان زیاتر چانسیان هەیە. چونکە سەرەڕای بەهێزی ئینتەر، ئەوان توانایەکی دیکەیان هەیە کە هێشتا ئینتەر پێی نەگەیشتووە.
دوێنێ تیروپشکی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ راکێشرا و ئەرکی هیچ کامێک لە ئیتاڵییەکان ئاسان نیە، پاش ئەوەی ئینتەر و ناپۆلی و لازیۆ بەر ئەتڵەتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا و بایەرن میونشن کەوتن.