
یاریگا –
بەهۆی وشکەساڵی خۆشوشتن لەدوای یاریی و راهێنانەکان لە یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا قەدەخە دەکرێت.
بەهۆی دیاردەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی رێژەی باران بارین لە ئیسپانیا، حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا بڕیاریدا حاڵەتی نائاسایی رابگەیەنێت و چەند رێکارێک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن بکات، یەکێک لەو رێکارانە راستەوخۆ پەیوەندیی بە یاریزانانی بارسێلۆناوە هەیە.
حکومەتی کەتەلۆنیا بڕیاریداوە بڕی ئاوی پێویست بۆ بەکارهێنان بۆ هەر تاکێک لە رۆژێکدا لە 230 لیتر بۆ 210 لیتر کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە دیاردەی وشکەساڵی بکرێت.
داڤید ماسکۆرت، وەزیری کاروباری کەشوهەوا و خۆراک لە لێدوانێکی بۆ رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی رایگەیاندووە :’بە یانەی بارسێلۆنامان راگەیاندووە پێویستە بەکارهێنانی ئاو لە یارییەکان و راهێنانەکانی یانەکەیان سنووردار بکەن، ئەگینا سزای داراییان دەدەین، بە هەموو شێوەیەک خۆشوشتنی یاریزانان دوای یارییەکان و راهێنانەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، نەک هەر لە بارسێلۆنا بەڵکو لە تەواوی کەتەلۆنیا لە سەنتەرە وەرزشییەکان و یاریگاکان و هۆڵە داخراوەکان خۆشوشتنی یاریزانان قەدەخەیە’.