یاریگا –
خۆرخێ ڤیڵدا، راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیای پاڵەوانی جیهان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، لە دوای ستایشکردنی لویس روبیالێس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئەمڕۆ ڤیڵدا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لە دوای رووداوی ماچی یاری کۆتایی جامی جیهانی خانمان لە نێوان روبیالێس و جێنی هێرمۆسۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا. کاردانەوەی جیاواز دروستبووە و فشارێکی زۆر لەسەر روبیالێسە، تاوەکو دەست لەکار بکێشێتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو، روبیالێس لە بۆنەیەکدا ستایشێکی زۆری ڤیڵدای کرد و بە باشترین راهێنەری وەسف کرد، هەروەها ئۆفەرێکی نوێی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە خستە بەردەمی بە بڕی 500 هەزار یۆرۆ، وەک مووچەی ساڵانە.
دوای زیادبوونی فشارەکانی سەر ڤیڵدا، رۆژی شەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رەخنەی توندی لە روبیالێس گرت، بەڵام باسی لە دەستلەکارکێشانەوە یاخود دوورخستنەوەی نەکرد.