Loading...
ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

فلۆرێنتینۆ پێرێز کۆتا دەرفەت بە کیلیان ئێمباپێ دەدات

یاریگا –

بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێز کۆتا دەرفەت بە کیلیان ئێمباپێ دەدات.

رۆژنامەنووسی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، تۆماس گۆنزالێز مارتین بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بۆ یاریکردن بە درێسی مێرێنگی کۆتا دەرفەت بە کیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی دەدات.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە، ساڵی 2024 کۆتا دەرفەتە بۆ کیلیان ئێمباپێ، ئەگەر لەو ساڵە پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکە نەکات ئەوە هەرگیز دەرفەتی ئەوەی بۆ ناڕەخسێتەوە درێسی یانە شاهانەییەکە بپۆشێت.

تۆماس گۆنزالێز ئاماژەی بەوە کردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز هەموو کارێکی کردووە بۆ گواستنەوەی کیلیان، بە ڕوونی بە دەستەی کارگێڕی و ئەندامانی یانەکەی راگەیاندووە، ئەگەر ئێمباپێ لە ساڵی 2024 پەیوەندی بە مەدرید نەکات ئەوە هەرگیز جارێکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی نادەن.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، ئۆفەرێکی بە بەهای 700 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی 3 وەرز پێشکەش بە کیلیان ئێمباپێ کردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

بەڵام ئەستێرە فەڕەنسییەکە تا ئێستا وەڵامی ئۆفەرەکەی خلێفی نەداوەتەوە و داهاتووی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا 10 مانگ ماوە بۆ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرماندا.

کیلیان لە 12ی حوزەیران رایگەیاند گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان نوێ ناکاتەوە، بەڵام ئەم وەرزە لە پاریس دەمنێتەوە، ناسر خلێفیش بە توندی رەتیکردەوە لە 2024 بە خۆڕایی دەستبەرداری ببن، یاریزانەکەیان خستە لیستی فرۆشتن، بەڵام مێرکاتۆ کۆتایی هات و یاریزانەکە هەر لە پاریس مایەوە.

هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ناوبراو لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید بکات، هەندێک لە ئەگەرەکانیش باس لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکەن لەگەڵ سانجێرماندا.

Back to top button