
یاریگا
یانەی دهۆک دوای یەکسانبونەکەی یاریی رابردوو بەرامبەر کەربەلا لە گەڕی 34 خولی نایابی عێراق، ئەمڕۆ کاتژمێر 19 بە کاتی هەولێر لە یاریگای خۆی و لە گەڕی 35 خولەکە پێشوازی لە یانەی کارەبای شاری بەغدا دەکات.
دهۆک لە کۆی 34 یاریی ئەم وەرزەی لە خولی نایابی عێراق، خاوەنی 11 بردنەوە و 14 بەرامبەربوون و لە 9 یاریش دۆڕاوە و بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی نایابی عێراق دێت.
دوایین بردنەوەی دهۆک لە خولی نایابی عێراق 48 رۆژ لەمەوبەر بەرامبەر سناعە بووە و لەو کاتەوە هیچ یارییەکیان نەبردووەتەوە و لە کۆی 5 یاریی 2 یارییان دۆڕاندووە و لە 3 یاریش بەرامبەربوینە.
دهۆک و کارەبا لە مێژووی خولی نایابی عێراق 14 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و یانە کوردستانیەکە خاوەنی 6 بردنەوە و 4 دۆڕان و 4 بەرامبەربونە. هەروەها دهۆک 6 جار لە یاریگای خۆی میوانداری کارەبای کردووە و لە 4 یاریی براوە بووە و لە یارییەک دۆڕاوە و لە یارییەکیش بەرامبەربووە.