Loading...
ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

کەریم بێنزێما ریال مەدریدی جێهێشت

یاریگا –

کەریم بێنزێما دوای 14 ساڵ ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی جێهێشت.

براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر کە لە هاوینی ساڵی 2009 لە یانەی لیۆنەوە پەیوەندی بە مەدرید کرد، بە خۆڕایی لە دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا، ریزەکانی لۆس بلانکۆس جێدەهێڵێت.

بێنزێمای تەمەن 35 ساڵان، پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ و چوار نازناوی لالیگای لەگەڵ مەدرید بردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەی ریال مەدریددا هاتووە

بێنزێما نموونەی رەوشت بەرزی و پیشەگەرییە، بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی بەهاکانی مەدریدی کرد و مافی ئەوەی هەبوو، بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات.

یاریزانی نێودەوڵەتی فەرەنسی 25 نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێنا، ئەمەش ریکۆردێکی مێژوویی بە ناوی بێنزێما.

بێنزێما لە وەرزی رابردوودا بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ، سەرکردایەتی ریال مەدریدی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و جیا لەمەش، پێنج جار نازناوی مۆندیالی یانەکان و سێ نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێناوە.

کەریم بێنزێما
ئامارەکانی کەریم بێنزێما لەگەڵ ریال مەدرید

بێنزێما 647 یاری بۆ مەدرید کردووە و دووەم گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە بە تۆمارکردنی 353 گۆڵ، تەنیا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی لە بێنزێما زیاتر کردووە لەگەڵ مەدرید.

رەنگە ئەمشەو بێنزێما لە پێکهاتەی کارلۆ ئانچێلۆتیدا بێت لە یاری بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو و بۆ دوا جار درێسی یانە شاهانەکە بپۆشێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەی ریال مەدریددا هاتووە

مەدریدییەکان لە تەواوی جیهان چێژیان لە ناوازەیی و سیحری بێنزێما وەرگرتووە، ئەمە وایکردووە ببێتە یەکێک لە ئەفسانە شکۆدارەکانی ئەم یانە و ئەفسانەیەکی گەورەی تۆپی پێی جیهانی. ریال مەدرید بەردەوام ماڵی بێنزێما دەبێت، هیوای سەرکەوتن بۆ خۆی و خێزانەکەی لە کاروانی نوێی دەخوازین.

کەریم بێنزێما
مووچەی ساڵانەی کەریم بێنزێما 200 ملیۆن یۆرۆ دەبێت

 

ریال مەدرید ئەگەر ئەمشەو لە بیلباو بباتەوە، پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا بەدەست دەهێنێت، بە جیاوازی 11 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا.

بە گوێرەی دوایین راپۆرتی رۆژنامەکانی سعودیە بێت، هەفتەی داهاتوو، بێنزێما گەشتی ریاز دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئیتیحاد کۆدەبێتەوە.

Back to top button