
یاریگا
سادیۆ مانێ هێرشبەری سەنیگالی لە وەرزی یەکەمی یاریکردنی لەگەڵ بایرن میونشن بە سەختی بەسەر دەبات، جگە لە دابەزینی ئاستی، تووشی کێشەی دەروونیش بووە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، باڤارییەکان هەموو هەوڵێک بۆ فرۆشتنی هێرشبەری سەنیگالی تەمەن 31 ساڵی یانەلەیان لە هاوینی داهاتوو دەدەن. لە ڕووی تەکنیکییەوە تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی باڤاریەکە، حساب بۆ ئەو یاریزانە ناکات، ئەم هێرشبەرەش بۆ وەرزی داهاتوو لە پلانەکانی راهێنەری یانە ئەڵمانیەکە نابێت. لەناو یانەکەش زۆر ناڕازین لە ئاستی ئەو یاریزانە.
بایرن پەشیمانە لە کڕینی مانێ بە مووچەی ساڵانەی زیاتر لە 20 ملیۆن یۆرۆ، ئەم گاڵتەجاڕیەش لەناو یانەکەدا بڵاوبووەتەوە وەک ئەوەی ئەوان لەبڕی ئەستێرەی لیڤەرپوول برا دووانەکەی ئەو یاریزانەیان گواستبێتەوە! هەروەها یانەکە بەهۆی ململانێی ئەم دواییەی مانێ لەگەڵ لیرۆی سانێ زیاتر لە 300 هەزار یۆرۆ پێ بژاردن سزاداوە، بەم هۆیەوە پەیوەندی نێوان یانەکە و یاریزانەکەش بە هیچ شێوەیەک لەبار نییە.
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا هاوینی رابردوو بەرامبەر 32 ملیۆن یۆرۆ مانێی لە یانەی لیڤەرپوڵەوە گواستەوە، ئەم یاریزانە سەنیگالییە لە 20 یاریدا 6 گۆڵی بۆ میونشن تۆمارکردووە. گرێبەستەکەشی لەگەڵ بایرن تا ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت.