کڵۆپ باسی جیاوازی ریاڵ لەگەڵ خۆیان دەکات و کارلۆیش دەڵێت بۆ ئەنجامێکی باش یاری دەکەین
کۆنگرەی رۆژنامەوانی راهێنەرانی هەردوو یانە

یاریگا
ئەمڕۆ سێشەممە لە یارییەکی ئاگرینی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، کاتژمێر یانزەی شەو لە یاریگای ئەنفێڵد یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.
سەبارەت بە یارییەکە راهێنەری یانە مەدریدییەکە کارلۆ ئەنچیلۆتی بەمشێوەیە بۆ میدیاکان دوا
ئێستا لە دۆخێکی باشداین، یادەوەرییەکانی یاری کۆتایی وەرزی رابردوو خۆشن لەلام، لەو یارییەدا ئەوان کۆنتڕۆڵی تۆپیان زیاتر کرد، بەلام ئێمە باشتر بەرگریمان کرد، بەڵام ئەمجارە بارودۆخ جیاوازە دوو یاری ئەنجامدەدەین لە دوو یاریگای جیاوازدا، پێویستە لەیاریگای لیڤەرپوڵ ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین تا یاری گەڕانەوە ئەرکمان قورس نەبێت.
کارلۆ لەبارەی دۆخی هێڵی بەرگری تیپەکەی وتی:
توانیمان نازناوی جامی جیهانی یانەکان بەدەستبهێنین، دوو یاریشە بەدوای یەک تۆڕی گۆڵەکەمان بەخاوێنی دەپارێزین و هێڵی بەرگری لە دۆخێکی باشدان، وە بێگومان بەهێزی هێڵی بەرگری دەبێتە کلیلی سەرکەوتنمان لەهەر یارییەکدا.
ئەنچیلۆتی لەبارەی ڤینیش بەمشێوەیە دوا:
بینینی یاری ڤینیسیۆس جێگەی خۆشحاڵییە، چونکە یاریزانێکی زۆر باشە، هەروەکو گاڤی و پێدری و ئێمباپێ و هالاند و چەند یاریزانێکی دیکە، مایەی خۆشحاڵیە بینینی ئەم یاریزانانە بەم ئاستە بەرزەوە.
راهێنەرەکەی مێرێنگی سەبارەت بە یاریکردنی بێنزێما وتی:
کەریم بێنزێما لە ئێستادا پێکانی نییە و بەتەواوی ئامادەیە بۆ یارییەکەی لیڤەرپوڵ، وە بەشێوەیەکی سەرەکی بەشداری یاییەکە دەکات.
لەبارەی پێکانەکانیش بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە:
ئەوەی حەزمان نەدەکرد رووبدات روویدا، لە تواناکانی کروس و چوامینی بێبەش دەبین، بەڵام گەشبینم، ئەو یاریزانانەی لە جێگای ئەوان یارییان کردووە ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە و لەم یارییەش دەتوانن بەباشی شوێنیان پڕبکەنەوە.
کارلۆ سەبارەت بە هێرشی رەگەزپەرستی بۆسەر ڤینیسیۆس وتی:
ڤینیسیۆس بەباشی رووبەڕووی ئەو دۆخە دەبێتەوە، ناهێڵێت کار لەسەر ئاستی بکات، منیش ناتوانم لۆمەی وڵاتی ئیسپانیا بکەم بۆ ئەم رووداوانە، چوونکە بابەتی رەگەزپەرستی لە هەموو جیهان بوونی هەیە، ئێسپانیا وڵاتێکی خۆشە بۆ ژیانکردن و رێز لە هەمووان دەگرن.
راهێنەرەکەی ریال سەبارەت بە پلان و پێکهاتەی یانەکەی وتی:
بەتەنیا چاودێری سەڵاح یان ڤان دایک ناکەین، چاودێری هەموو لیڤەرپوڵ دەکەین و وریای هەموو تیپەکە دەبین، تا ئێستا بەتەواوی پێکهاتەکەم دانەناوە و هێشتا لە چەند هێڵێکی یاریگا بیردەکەمەوە بەشداری بەکێ بکەم.
کارلۆ لەکۆتایی قسەکانیدا وتی:
لەم وەرزە لە وەرزی رابردوو هیوامان زیاترە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، هیوام بە تپەکەیشم هەیە و ئێستا هەستێکی زۆر باشم هەیە لەبارەی دۆخی یانەکەمان.
لەلای خۆیەوە راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ یۆرگن کڵۆپ لەبارەی یارییەکە وتی:
پێویستە ئێمە لەهەر دوو یایدا ئاستێکی باش پێشکەش بکەین تا بتوانین بگەینە قۆناخی داهاتوو، بەلام ریاڵ مەدرید پێویستی بەوە نییە، بەبێ کردنی ئەوەش دەتوانێت سەربکەوێت، ئەمەیە جیاوازی ریاڵ لەگەڵ هەموواندا.
سەبارەت بە دۆخی یانەکەی لە ئێستادا وتی:
دڵخۆشم کە لە ئێستاد توانای ئەم رووبەروو بوونەوەیەمان هەیە، چوار هەفتە پێش ئێستا ئەم توانایەمان نەبوو، بەڵام ژیان هەمووی پەیوەستە بەکاتەوە، ئێمەش لە کاتێکی گونجاودا خۆمان دۆزییەوە و گەڕاینەوە سەر ڕێگا درووستەکە،
کڵۆپ باسی لە یاری کۆتایی وەرزی رابردوو کرد و وتی:
تا ئەم هەفتەیەش تەماشای یارییەکەم نەکردبوویەوە، ئەم هەفتەیە بینەری بوومەوە و بەڕاستی ئێمە باشتر یاریمانکرد و شایەنی بردنەوە بووین، ئەوان هەلێکیان بۆ رەخسا و گۆڵیان کرد، ئێمە ئەوەمان نەکرد و نازناوەکەمان لەدەستدا.
کڵۆپ سەبارەت بە ڤینیسیۆس وتی:
لە جیهاندا هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی ڕێگە بەخۆت بدەیت رەگەزپەرستی بەرامبەر کەسێک بکەیت، ئەمە شێتییە و تێناگەم ئەم جۆرە بابەتانە لە یاریگاکانیش روودەدەن، بەتەواوی کارێکی ناڕەوایە بەرمبەر ڤینیسیۆس و ریاڵ مەدرید ئەنجامدەدرێت.
کڵۆپ لەو بارەیەوە زیاتری گوت:
ڤینیسیۆس بووەتە ئەفسانەیەکی یانەی شاهانە، لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ گۆڵی لە ئێمە کرد، بۆیە دڵنیام ئەوە کردوویەتی بە ئەفسانەیەکی یانەکەی.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە پلانی راگرتنی ڤینیش وتی:
ئەگەر هەوڵبدەین ڤینیسیۆس راگرین ئەوا کەریم و رۆدریگۆ دەردەکەون و گورزمان لێدەدەن، جیا لەوانیش خاوەنی لوکا مۆدریچن کە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، بۆیە پێویستە بەشێوەی کۆمەڵ بەرگری بکەین بەرامبەر تەواوی تیپەکەیان.