بارسێلۆنا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد

یاریگا
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد دوای بردنەوەكەیان بەرامبەر كادێز لە خولی ئیسپانیا.
شەوی رابردوو بارسێلۆنا لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نۆوی تایبەت بە خۆی میوانداری كادێزی كرد و یاریەكەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانەی یارییەكانی هەفتەی بیست و دووەمی خولی ئیسپانیا.
گۆڵەكانی بارسێلۆنا لە لایەن سێرجی رۆبێرتۆ لە خولەكی 43 و رۆبەرت لیڤاندۆڤسكی لە خولەكی 45 تۆماریانكرد.
بەو بردنەوەیەش یانە كەتەلۆنییەكە كۆی خاڵەكانی بۆ 59 خاڵ بەرزكردەوە و بە جیاوازی هەشت خاڵ لە پێش ریال مەدریدی دووەم دێت.
بارسێلۆنا توانیویەتی پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵەكەی بكات لە 17 یاری ئەم وەرزەدا.
بەوەش دەبێتە تاكە یانە لە مێژوودا لە 22 یاری سەرەتایی لالیگا 17 یاری بتوانێت تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە.
لەم وەرزەدا یانە كەتەلۆنییەكە تەنها حەوت گۆڵیان لێ تۆمار كراوە لە خولی ئیسپانیا و بەهێزترین هێڵی بەرگریان هەیە لە پاڵەوانیەتیەكەدا.



