Loading advertisement...
ئیتاڵیائینگلتەراچامپیۆنزلیگیاریگا

پیۆلی دەڵێت یاری مان و نەمان دەکەم و کۆنتیش دەڵێت میلان مەترسیدارە

کونگرەی رۆژناماوانی رهێنەرانی میلان و تۆتنهام

یاریگا

ئەمڕۆ سێشەممە لە یارییەکی دیکەی ئاگرینی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، کاتژمێر یانزەی شەو لە یاریگای سانسیرۆ هەردوو یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی و تۆتنهامی ئینگلیزی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

راهێنەری ئەیسی میلان ستیفانۆ پیۆلی سەبارەت بە یارییەکەیان بەرامبەر تۆتنهام دەڵێت “پێمان وایە دەتوانین ئەم قۆناخە ببرین و سەرکەوین بەسەر تۆتنهامدا، بەڵام جارێ زووە لە ئێستاوە بیر لە بردنەوەی نازناوەکە بکەینەوە، هەست بەوە دەکەم لە دۆخێکی باشدام و دەمەوێت شتی زیاتر پێشکەش بە میلان بکەم، چوونکە هێشتا دەتوانم لەوە باشتر پێشکەش بکەم کە کردوومە بۆ یانەکەم.

پیۆلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی “کۆنتی راهێنەرێکی مەزنە، دڵنیام بەباشی خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە، ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی پاش بەدەستهێنانی نازناوی سێریا ئەی پیرۆزبایی لێکردم، هەرگیز ئەوە لەیاد ناکەم.”

سەبارەت بە ئاستی تۆتنهامیش وتی “بەرامبەر تیپێکی ئینگلیزی یاری دەکەین کە زۆر خێران و خاوەن توانای جەستەیی بەهێزن، منیش وەک خۆم هەمیشە حەزدەکەم بەرامبەر تیپە بەهێزەکان یاری بکەم، چوونکە دەتوانم ئاستی خۆمانی پێ هەڵبسەنگێنم و خۆمانی پێ باشتر بکەم، متمانەشم بەخۆمان هەیە، کە ئەم یارییە دەبەینەوە.

لە درێژەی قسەکانیشیدا رایگەیاند “بن ناسر بەتەواوی ئامادە نییە بۆ یاریکردن و دڵنیا نین کە یاری دەکات یاخود نا، تیپەکەشم ئێستا بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بە چڕی هەوڵدەدەین لەو دۆخە دەربازمان ببێت، ئەم یارییەش بۆ من گرنگترین یاریم دەبێت لە ژیانی راهێنەرایەتیمدا بۆیە دەبێت بەباشی یاری بکەین، بەشێوەیەکی زۆر باش هێڕش بکەین و سەرنجمان لەسەر بەرگریش لانەچێت تا بتوانین بگەین بەو ئەنجامەی، کە دەمانەوێت.”

لەلای خۆیەوە راهێنەری یانەی تۆتنهام ئەنتۆنیۆ کۆنتی رایگەیاند “زۆر بەپەرۆشم بە گەڕانەوەم بۆ یاریگای سانسیرۆ، پیۆلی کارێکی زۆر نایابی ئەنجامدا کە توانی ببێتە پاڵەوانی سێریا ئەی لەگەڵ میلان و شایەنی رێزە.”

راهێنەرەکەی سپێرز سەبارەت بە یارییەکەش دواو و وتی “ئەیسی میلان یانەیەکی بەهێزە و مەترسیدارن، دەبێت زۆر وریابین و سەرنج لەدەست نەدەین، ئەوان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ سەرکەوتن بۆیە پێویستە تەواوی هەوڵی خۆمان بدەین تا لە یارییەکەدا براوە بین.”

کۆنتی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە خاڵێکدا کە ئەوی زۆر نیگەران کردووە و وتی “گرفتی گەورەی ئێمە ئەوەیە یاریزانەکانمان بەرگەی فشاری زۆر ناگرن، لە یارییەک ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن، پاشان فشارێکی زۆر دێتە سەریان بەرگەی فشارەکە ناگرن و یاری دواتر تووشی شکست دەبین، بۆیە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین، کە یاریزانەکانمان ڕابێنین تا بتوانن لەژێر فشاری زۆریشدا یارییەکی باش بکەن و کاریگەری خراپ نەکاتە سەریان.”

لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لە گرفتێکی گەورەی دیکەی یانەکەی کرد لەم وەرزەدا و وتی “پێکانی یاریزانەکانمان نائاسایین، بوون بە گرفتێکی گەورە بۆمان کە پێکان لەدوای پێکان بەرۆکی یاریزانانمانی گرتووە و ناسەقامگیری زۆری بۆ درووستکردووین لە تیپەکەدا، کە ئەمەش بووتە هۆکارێک لە هۆکارەکانی نا جێگیری ئاستمان، بەڵام دەبێت لە یارییەکەی میلان هەموو گرفتەکان وەلا بنێین و سەرنجمان تەنیا لەسەر سەرکەوتن بێت.

Back to top button