گالتێ بە ئێمباپێ بایرن دەترسێنێت و ناگلیسمانیش دەڵێت کلیلی سەرکەوتنمان دۆزیوەتەوە
کونگرەی رۆژناماوانی راهێنەرانی هەردوو یانە بەر لە یارییەکەی ئەمشەو

یاریگا
ئەمڕۆ سێشەممە یارییەکانی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات، کاتژمێر یانزەی شەو لە یارییەکی لوتکە و ئاگریندا هەردوو یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی و بایرن میونشنی ئەڵمانی لە یاریگای باخچەی شازادەکان رووبەرووی یەکتر دەبنەوە.
سەبارەت بە یارییەکە راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە جولیان ناگلیسمان بۆ میدیاکان دواو وتی “پێویستە بەکۆمەڵ یاری بکەین وە رێگری بکەین لە پاساتی نێوان مێسی و نەیمار و ئێمباپێ و نابێت رێگە بدەین پاسیان پێبگات، ئەمەش دەبێتە کلیلی سەرکەوتنمان لە یارییەکەدا.”
هەروەها جولیان گوتی “پاریس سان جێرمان خاوەنی بەرگریکاری زۆر خێرایە، کە ئەوەش دەبێتە خاڵێکی بەهێزی یارییەکە بۆیان، وە ئەوان زۆر بەباشی هەوڵی راگرتنمان دەدەن بۆیە ئەو تیپەی کەمترین هەڵە بکات دەبێتە براوەی یارییەکە”.
راهێنەرە لاوەکەی بایرن لەدرێژەی قسەکانیدا وتی “هەردوولا ئاستمان لەیەک نزیکە، بۆیە دەبێت باشترین ئاستی خۆمان پێشکەش بکەین و رێگا بۆ یاری گەڕانەوەش خۆش بکەین، بەشێوەیەکی زۆر باشیش خۆمان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و لەم دواییانەشدا لە بۆندزلیگا و لە جامی ئەڵمانیاش ئەنجامی باشمان هەبووە، بەڵام بارودۆخ لە چامپیۆنزلیگ هەمیشە جیاوازە و دەبێت لە یارییەکە پاڵنەرێکی گەورە بەخۆمان بدەین تا بتوانین باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین.
لەلای خۆیەوە کریستۆڤ گالتێ راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان لە دەستپێکی قسەکانیدا وتی “راستە یانەکەمان بەمدواییە بە بارودۆخێکی باشدا تێناپەڕێت، بەڵام من لە داهاتووی خۆم ناترسم لەگەڵ یانەکەم و لە ئێستادا سەرنجی تەواوم تەنها لەسەر یاری داهاتوومانە و بیر لەهیچ شتێکی دیکە ناکەمەوە.”
گالتێ لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە یاریکردنی ئەستێرەی فەڕەنسی یانەکە، کیلیان ئێمباپێ وتی “لە ئێستادا دڵنیا نیم کە ئێمباپێ یاری دەکات یان نا، تا کاتی یارییەکە ئەوەمان بۆ یەکلای نابێتەوە و دڵنیا نیم لە یاری کردنی، گفتوگۆ لەگەڵ ستافی پزیشکانی یانەکەمان دەکەم و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدەین، ئێمباپێش بۆ یاریکردن لێرە دەبێت نەک بۆ ترساندنی بایرن میونشن!”
راهێنەرەکەی پاریس سەبارەت بە ناگلیسمانیش وتی “ئەو راهێنەرێکی لاوە و هەوڵی کۆکردنەوەی ئەزمونی زیاتر دەدات، دەستکەوتی باشیشی هەبووە، لێکۆڵینەوەی وردمان لەسەر خاڵی لاواز و بەهێزی تیپەکەی کردووە، بەڵام ئەوەی یارییەکە یەکلای دەکاتەوە بەپلەی یەکەم یاریزانەکانن نەوەک راهێنەران.”
لە کۆتایی قسەکایشیدا وتی “چانسی هەردوو یانە بۆ بردنەوەی یارییەکە پەنجا بە پەنجایە و هەردوولا وەک یەک هیوای سەرکەوتنیان هەیە، بایرن یانەیەکی بەهێزە و بەم دواییانەش ئەنجامەکانیان باش بووە، بۆیە سبەی بە پێکهاتەیەکی جیاوازتر لە یارییەکانی رابردوو یاری دەکەین.