بەڕازیل کارلۆ ئەنچیلۆتی دەوێت
بەڕازیل دەیەوێت بەئاوازێکی ئیتاڵی سەمای سامبا بکات

یاریگا
بەپێی ڕۆژنامەی گڵۆبۆ سپۆرتی بەڕازیلی، بەهۆی شکستە سەختەکەیان لە جامی جیهانی 2022 یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل بەتەواوی بیرۆکەی دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی ئەوروپی وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان قبوڵکردووە.
بۆ ئەو مەبەستەیش بەرپرسانی یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیان دەستنیشانکردووە تا وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل دەستبەکاربێت.
بەرازیلییەکان سوورن لەسەر ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزە و بەدیاریکراوی لە مانگی شەشدا کارلۆ وەک ڕاهینەری نوێی بەڕازیل بناسێنن، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ئێستاوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ سەرۆکی یانەی شاهانە، فلۆرێنتینۆ پێرێز تا ڕازیبکەن دەستبەرداری کارلۆ ببێت بۆیان.
ئەنچیلۆتی لەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، بەجۆرێک یانەکەی لە ڕیزبەندی لالیگا 8 خاڵ لەدوای بارسێلۆنای رکابەریەتی، جیا لەوەی لە یاری کۆتایی سوپەری ئیسپانیا نازناوەکەی بە هەمان یانە دۆڕاند.
لە ئەگەری بەردوامبوونی ئەم ئاستە لاوازەی مەدرید و بەدەستنەهێنانی دەستکەوتێکی گرنگ ئەگەری دوورخستنەوەی کارلۆ لە کۆتایی وەرزدا بەهێز دەبێت، کە ئەمەش گواستنەوەی ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە بۆ وڵاتی سامبا ئاسانتر دەکات.
ئەنچیلۆتی تەمەن 63 ساڵان لە 208 یاریدا راهێنەرایەتی مێرێنگی کردووە، لەو ماوەیەدا یانەکەی 152 یاری بردووەتەوە، 30 یاری دۆڕاوە و لە 26 یاریشدا یەکسانبووە، دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و جارێک نازناوی لالیگا و جارێک نازناوی جامی جیهانی یانەکان و دووجار نازناوی سوپەری ئەوروپا و جارێک نازناوی جامی شا و جارێک نازناوی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ یانەکەیدا بەدەستهێناوە