Loading...
ئیتاڵیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئەیسی میلان گرێبەستی ئۆلیڤیە ژیرو نوێدەکاتەوە

یاریگا

رۆژنامەنووسی ئیتاڵی دانیێلی لۆنگۆ ئاشکرایکردووە کەوا ئەمڕۆ بەرپرسانی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی لەگەڵ بریکاری کارەکانی ئۆلیڤیە ژیرۆی فەڕەنسی، هێرشبەری یانەکەیان کۆدەبنەوە بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستی ناوبراو.

بەپێی هەمان سەرچاوە گرێبەستە نوێیەکەی میلان لەگەڵ ژیروی تەمەن 36 ساڵان تا ساڵی 2024 دەبێت، مووچەی ساڵانەیشی لەنێوان 3.5 ملیۆن بۆ 4 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

گرێبەستی گۆڵکارە فەڕەنسییەکە لە مانگی شەش لەگەڵ میلان بەسەردەچێت، چەند یانەیەکیش چاویان لەسەرییەتی تا بیگوازنەوە ڕیزەکانیان، لە نزیکترینیشیان یانەی ئیڤەرتۆنی ئینگلیزییە، کە لەبازاڕی گواستنەوەی زستانەیش هەوڵی گواستنەوەیدا، بەڵام ژیرۆ بریاری مانەوەی لە میلان هەڵبژارد، هەربۆیە یانە ئیتاڵییەکە لەترسی لەدەستدانی دەیەوێت بەخێرایی کۆتایی بەڕێکارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بهێنێت.

کەڵەشێرە فەڕەنسییەکە لە ساڵی 2021 بەبڕی 2.8 ملیۆن یۆرۆ لەیانەی چێڵسی ئینگلیزییەوە گواسترایەوە بۆ یانە ئیتاڵییەکە، لە وەرزی یەکەمی خۆیدا توانی لە 38 یاریدا 14 گۆڵ تۆماربکات و یانەکەیشی بووە پاڵەوانی سێریا ئەی.

لەم وەرزەش هەرچەندە میلان بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت بەڵام ژیرۆ بەیەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی یانەکە دادەنرت، کە بەجۆرێک تا ئێستا لە 27 یاریدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و لەزۆرێک لە یارییەکاندا بەئاستێکی جێگیرەوە دەردەکەوێت، کە ئەمەش میلانی ناچارکردووە پارێزگاری لە تواناکانی بکات و دەستبەرداری نەبێت.

Back to top button