
لە خولی یانە پلە نایابەکانی عێڕاق بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە 6/2/2023 کۆتایی بە گەڕی پازدەمی خولەکە بێت، دوای سەرکەوتنی یانەی دهۆک لە یاری دوێنێ بەرامبەر کەربەلا، ئەمڕۆ هەولێر و نەورۆز و زاخۆ یاری دەکەن و لە خولی پلەیەکی عێڕاقیش پێشمەرگەی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاری دەکات.
کاتژمێر 2:30خولەکی ئێوارە یانەی زاخۆ لە شاری نەجەف و لە نێو یاریگای نەجەفی نێودەوڵەتی لەگەڵ یانەی نەفتی ناوەڕاست یاری دەکات، زاخۆ دوو یاری ڕابردوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە 14 خاڵ لە پلەی پازدەم دێت، یانەی نەفتی ناوەڕاستیش بە 18 خاڵ پلەی دوانزەمی گرتووە.
یانەی نەورۆز لە شاری بەغداد دەبێتە میوانی یانەی نەفت، نەورۆز بە ڕاهێنەرایەتی وەلی کەریم بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و هەوڵی بەردەوام بوون لە سەرکەوتنەکان دەدات، بۆ ئەم یاریە نوێنەرەکەی شاری سلێمانی بێبەش دەبێت لە تواناکانی هەریەک لە یاریزانان دانامستەفا و ڕاستگۆفەریق و یاریزانی پیشەگەر کریست کوڤواما، نەورۆز بە 16 خاڵ لە پلەی چواردەمە و نەفتیش بە 9 خاڵ لە هەژدەم دێت، یاریەکەش کاتژمێر 2:30 خولەک ئەنجامدەدرێت.
لە نێو یاریگای فرانسۆهەریری کاتژمێر5ـی ئێوارە، یانەی هەولێر میوانداری یانەی سناعەی شاری بەغداد دەکات، هەولێر لە گوستنەوەی زستانە چەند یاریزانێکی بەتوانای گواستۆتەوە ڕیزەکانی بە مەبەستی باشتر بوونی ئەنجامەکانی کە ئێستا بە دۆخێکی خرپدا گوزەر دەکات، یانەی هەولێر ئەمڕۆ بێبەش دەبێت لە تواناکانی یاریزان شێرکۆکەریم کە بە هۆی پێکانەوە ناتوانێ بەشداری یاریەکەی ئەمڕۆ بکات، سناعە پلەی 19ی گرتووە و تەنها 6 خاڵی هەیە و یانەی هەولێریش 13 خاڵی کۆکردۆتەوە لە چواردە یاریدا و پلەی حەڤدەمی ڕیزبەندی خولی نایابی عێڕاقی گرتووە.
لە شاری بەغداد و لە گەڕی دەیەمی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێتە میوانی یانەی ئیتساڵات، پێشمەرگە بە ئاستێکی باش تێپەڕ دەبێت و بە 17 خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دێت دوای یانەی ئەمانەی بەغداد کە بە 20 خاڵ سەرووی ڕیزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە، یانەی ئیتساڵات بە 13 خاڵ لە پلەی چوارەمی کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق دێت.