شێروانە سەرکەوت و سۆرانیش لە نێو یاریگای خۆی دۆڕا

ئەمڕۆ هەینی 6/1/2023 دەسپێکی کۆتا یارییەکانی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان ئەنجامدرا و ئارارات بەردەوامە لە سەر فشار کردن لە پێشمەرگەی هەولێر بۆ وەرگرتنی سەرووی ڕیزبەندی یانەکان.
لە کەلار و لە یاریگای تایبەت بە یانەی شێروانە یاری نێوان شێروانە و سیروانی نوێ بەڕێوەچوو، سەرەتای یاری یانەی میوان سیروانی نوێ بە گۆڵێک پێشکەوت کە یاریزان ( هەواڵ کەریم ) تۆماری کرد، دواتر شێروانە بە پشت بەستن بە هاندەرانیان توانیان سێ گۆڵ تۆمار بکەن کە هەریەک لە یاریزانان ( موسعەب جەمال ، سەعیدقودرەت ، بەمۆغەریب ) تۆمار یان کرد، لە خولەکی 65ـی یاریەکەشدا یاریزانی یانەی سیروانی نوێ ( ڕۆکان فەرحان ) کارتی سووری پێدرا و چووە دەرەوەی یاریگا.
یانەی شەقڵاوە لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی ئاراراتی کرد، شەقڵاوە یاریەکەی بە ئەنجامی 1 _ 0 دۆڕاند و تاکە گۆڵی یانەی ئارارات یاریزان ( ئیسماعیل یاسین ) تۆماری کرد، بەم سەرکەوتنە یانەی ئارارات بەشێوەیەکی کاتی پلەی یەکەمی ڕیزبەندی وەرگرت و لە کێبڕکێدایە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر کە بڕیارە سبەی ڕووبەڕووی یانەی چوارقوڕنە ببێتەوە.
لە سۆران و لە یاریەکی بەهێزدا هەردوو یانەی سۆران و دهۆك ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، یانەی دهۆک ئەنجامەکانی ئەم دواییەی وەک پێویست نەبوو لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندی خولی نایابی کوردستان دەبینرێت، بەڵام ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی گرینگی بە دەستهێنا و بە ئەنجامی 3 _ 1 گۆڵ یانەی سۆرانی لە نێو یاریگا و لە بەردەم هاندەرانیدا تووشی شکست کرد، گۆڵەکانی دهۆک هەر یەک لە یاریزانان ( ئەحمەد سەبری ، سەردارعارف دوو گۆڵ ) تۆمار کران، تاکە گۆڵی یانەی سۆرانیش یاریزان ( هۆشەنگ سەعدی ) تۆماری کرد.
یارییەکانی سبەی شەممە 7/1/2023
برایەتی × هەندرێن
چوارقوڕنە × پێشمەرگەی هەولێر
ئاکرێ × سەیدسادق
زاخۆ × دەربەندیخان