
هەر چوار یانە کوردیەکەی بەشدار لە خولی نایابی عێڕاق ( دهۆک ، نەورۆز ، هەولێر ، زاخۆ ) وەستانی خولی نایابی عێڕاق بە هۆی جامی کەنداو و هەروەها کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانە بە هەل دەزانن بۆ نوێکردنەوەی تیپەکانیان لە خولی نایابی عێڕاق.
یانەی زاخۆ کە ئەنجامەکانی لە خولەکە وەک پێویست نیە مەبەستیەتی سێ یاریزانی پیشەگەر بگوازێتەوە ڕیزەکانی، ( عومەر مەنسوڕی ) هێرشبەری مەغریبی کە پێشووتر بۆ یانەکانی نەفتی ناوەڕاست و زەوڕا و نەفتی بەسڕە یاری کردووە نزیکە لە پەیوەندی کردن بە یانەی زاخۆ، هەروەها ( ئەبوبەکڕ گۆمی ) نێجیری لە باڵی چەپی هێرشبەر یاری دەکات و ( بوزو فلیسل)ـی کۆتدیڤواری کە لە هێلی ناوەڕاست یاری دەکات نزیکن لە گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ یانەی زاخۆ.
یانەی هەولێر کە بەم دواییە ئەنجامەکانی بەدڵی هاندەران نەبوو، لە سەر داوای ڕاهێنەری یانەکە ( غازی فەهد ) دوای گواستەوەی ( زەیدجەمال ابوعابد)ـی ئوردنی ئێستا نزیکە لەوەی کۆتایی بە دوو گرێبەستی تری پیشەگەر بهێنێت، ( محمدمەرموڕ) یاریزان و هێرشبەری سووری کە ئێستا لە هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی یاری دەکات لە ماوەیەکی نزیک گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر یەکلایی دەکاتەوە، هەروەها یاریزانی هێرشبەری بەڕازیلی ( گۆستاڤۆ ئەلمێیدا ) کە پێشووتر لە خولی چینی و ژاپۆنی و بەڕازیلی یاری کردووە چاوەڕوان دەکرێت یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات و کێشەی هێرشبەری تیپەکەی پێ جارەسەر بکات، هەروەها یانەکە بە فەرمی دەستبەرداری یاریزان ( مازن فەیاز ) بوو.
یانەی نەورۆزیش یەکێکە لەو تیپانەی دەیەوێت دووبارە تیپەکەی ڕێکبخاتەوە، تا ئێستا یانەکەی شاری سلێمانی هەریەک لە ( ِموڕتەزا گەساد و هاوڕێ ئەنوەر و موهەنەد کەریم و هێرڤی نگۆمۆی کامیڕۆن)ـی لە ڕیزی تیپەکە دوور خستۆتەوە، تا ئێستاش یانەکە بە فەرمی گرێبەستی هیچ یاریزانێکی ڕانەگەیاندووە تەنها یاریزانی یانەی ناسڕیە ( حسێن عەباس ) نزیکە لە پەیوەندی کردن بە یانەکەوە، نەورۆز لە ڕۆژانی داهاتوو بە تەواوی دەست بە جوڵە دەکات بۆ ئەوەی چەند یاریزانێک بهێنێتە ڕیزی تیپەکەی.
یانەی دهۆک تا ڕادەیەک ئاستی جێگیرترە لە سێ یانەکەی تر، بۆیە چاوەڕوانی گۆڕانکاری زۆری لێ ناکرێت و پێدەچێت دوو تا سێ یاریزانی ناوخۆیی بگوازێتەوە تیپەکەی لەگەڵ یاریزانێکی پیشەگەر لە ئەگەر جێهێشتنی یاریزان( شافیۆمامۆ)غانی لە ڕیزی یانەکە.