Loading advertisement...
کوردستان

هەولێر و سلێمانی کێبڕکێی وەرگرتنی پلەی یەکەم دەکەن

ئەمڕۆ سێشەممە 3/1/2023 کۆتایی بە گەڕی نۆیەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان هات و ڕەواندوز دۆڕایەوە و قەڵادزێش لە دەرەوەی یاریگای خۆی خزمەتێکی گەورەی هەولێر و سلێمانی کرد.

لە یاریگای زانکۆ لە شاری سلێمانی هەر دوو یانەی سلێمانی و هەڵۆ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، یانەی سلێمانی بە ئەنجامی 3 _ 1 گۆڵ سەرکەوتنی تۆمار کرد و بە 18 خاڵ پلەی دووەمی ڕیزبەندیەکەی وەرگرت لە دوای یانەی هەولێر کە بە 20 خاڵ و یاریەک زیاتر پلەی یەکەمی گرتووە، یانەی هەڵۆش بە 12 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت.

یانەی ڕانیە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی بروسک و یاریەکەش بە ئەنجامی 2 _ 2 کۆتایی هات، ڕانیە لە گێمی دووەم لێدانی سزای لە دەستدا، یانەی بروسک بە 9 خاڵ لە پلەی سێزدەمە و ڕانیەش بە 14 خاڵ پلەی پێنجەمی گرتووە.

لە شاری کەرکوک یانەی خاک ڕووبەڕووی یانەی قەڵادزێ بوویەوە، یاریەکە بۆ هەر دوو یانە گرینگی تایبەتی هەبوو بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی سەرووی ڕیزبەندی دانەبڕێن و یاریەکەش بە ئەنجامی 1 _ 1 بە یەکسان بوون کۆتایی هات، خاک لە پلەی سێیەمە بە 15 خاڵ و قەڵادزێش لە پلەی چوارەمە بە 14 خاڵ.

یانەی ڕەواندوز لە کەلار بووە میوانی یانەی رزگاری و یاریەکەشی بە ئەنجامی 3 _ 1 بە یانەی میواندار دۆڕاند، ڕزگاری بە 11 خاڵ لە پلەی یازدەمە و ڕەواندوز بە 7 خاڵ ڕیزبەندی حەڤدەهەمی گرتووە.

ئەنجامی سەرجەم یاریەکانی تر بەم شێوەیە بوو :

پیشەسازی 0 هەولێر 1 ( پیشەسازی لە پلەی چواردەمە و هەولێریش پلەی یەکەم )

شۆڕیجە 0  بابان 0 ( شۆڕیجە لە پلەی شازدەمە و بابانیش لە پلەی شەشەم )

بازیان 2  سێمێڵ 0 ( بازیان لە ڕیزبەندی هەشتەمە و سێمێڵیش لە پلەی حەفتەم )

برادۆست 3  زانکۆی جیهان 0 ( برادۆست لە پلەی هەژدەمە و زانکۆی جیهانیش لە پلەی دوانزەم )

Back to top button