
لە ڕۆژی دووەمی یارییەکانی خولی نایابی عێڕاق، ئەمڕۆ سێشەممە 20/12/2022 یانەی هەولێر یاری لووتکە بەرامبەر یانەی تەڵەبە ئەنجامەدات و نەورۆزیش ڕووبەڕووی یانەی حدود دەبێتەوە.
دوای هەشت ساڵ دابڕان و جارێکی تر لە خولی نایابی عێڕاق دێڕبی بادینان دەبینینەوە، کاتژمێر 4ـی ئێوارە هەر دوو یانەی زاخۆ و دهۆک لە نێو یاریگای زاخۆ بەیەک دەگەن، زاخۆ تا ئێستا ئەنجامەکانی دڵخۆشکەر نیە بۆ هەوادارانی و لە پلەی حەڤدەهەم دێت بە 7 خاڵ و یانەی دهۆکیش لە پلەی دەیەمە بە 14 خاڵ، چاوەڕوان دەکرێت زۆرترین هاندەر ئامادەی یاریەکە بن بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانی یانەکەیان.
لە نێو یاریگای فرانسۆ هەریری یانەی هەولێر لە یاریەکی بەهێزدا کاتژمێر 4:30 میوانداری یانەی تەڵەبەی شاری بەغداد دەکات، هەولێر بۆ ئاشت کردنەوەی هاندەرانی دوای شکستی لە یاری ڕابردوو هەموو ئامانجێکی سەرکەوتنە لە یاریەکەی ئەمڕۆدا، تەڵەبە لە پلەی هەشتەمە بە 18 خاڵ و هەولێریش لە پلەی چاردەمی ڕیزبەندیەکە بە 12 خاڵ.
یانەی نەورۆز دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ کە شەش یاریە سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە لە نێو یاریگای زەوڕا لە شاری بەغداد ڕووبەڕووی یانەی حدود دەبێتەوە، نەورۆز بە 9 خاڵ لە پلەی شازدەمە و حدودیش بە 18 خاڵ لەپلەی شەشەمی ڕیزبەندی خولی نایابی عێڕاق دێت، یاریەکەش کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.