
لە گەڕی دووەمی خولی نایابی عێڕاق یانەی هەولێر لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی کارەبای شاری بەغدای کردوو هەولێر بە تاکە گۆڵێک شکستی هێنا.
بە ئامادەبوونی هاندەرێکی باش بۆ پالپشتی کردنی کوڕانی قەڵاو منارە، هەولێر تووشی دووەم شکستی بوو لە خولی نایابی عێڕاق بەرامبەر یانەی کارەبا، لەم یاریەدا هەولێریەکان وەک پێویست دەرنە کەوتن و بە درێژایی یاریەکە یانەی کارەبا باشتر دەبینرا و تیپەکەی لوئەی سەڵاح لێدانێکی سزاشیان لە دەستدا و لە خولەکی 82ـی یاریەکە یاریزان ( ستیڤن بافۆر ) تاکە گۆڵی یانەی کارەبای تۆمار کردوو یاریەکەیان بردەوە و هەولێریشیان تووشی دووەم شکست کرد لە خولەکە.
دوای کۆتایی هاتنی یاریەکە هاندەرانی هەولێر بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگا مانەوە و داوای دەرکردنی ڕاهێنەری یانەکە ( نزارمەحروس)ـی سوریان دەکرد، هاندەرانی هەولێر بە چەپڵە ڕێزانەوە یانەی کارەبا و ڕاهێنەر لوئەی سەڵاحیان بەرەو شاری بەغدا بەڕێکرد، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر دوای یاریەکە ووتی ( داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین، نەدەبوو ئەم یاریە بدۆڕێین و تیپەکەی ئێمە نوێیە ڕەنگە زەحمەتی ببینین تا یانەکە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی خۆی هەوڵدەدەین سەرجەم کێشەکانیش جارەسەر بکەین)
لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی عێڕاق ڕۆژی پێنج شەممە یانەی هەولێر دەبێته میوانی یانەی نەفتی میسان کە لە دوو یاریدا خاوەنی چوار خاڵە.