
دوای ئەوەی دوێنێ بە هۆی گرژی و ئاڵۆزی یاریەکەی نێوان ئافرەتانی هەولێر و ئافرەتانی زانکۆ لە خولی یانە نایابەکانی تۆپی دەستی ئافرەتانی عێڕاق تەواو نەکرا، یەکێتی تۆپی دەستی عێڕاق بڕیاریدا یانەی ئافرەتانی زانکۆ وەك پاڵەوان بناسێنێت و خەڵات بە سەر یانەکە دابەش بکات، یانەی هەولێر دوای ئەم بڕیارە بە یاننامەیەکی فەرمیان دەکرد و تیادا دەڵێن :
(ئێمە وەک یانەی وەرزشی هەولێر، بەر لە دەستپێکردنی خولەکە و لە کاتی بەڕێوەچوونی خولەکەیش، چەندان تێبینیمان لەسەر بڕیارە میزاجییەکانی یەکێتی تۆپی دەستی عێڕاق هەبوو، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەنجامی ئەم یارییە ڕەت دەکەینەوە و لەگەڵ بوونی چەندان تێبینی و ناشەفافی و بڕیاری نابەجێ لە دژی یانەکەمان درا، کە ئەمانەن:
یەکەم: حەوت یاریزانی یانەی زانکۆ یاریزانی یانەی هەولێرن و مافی دەستبەردار بوونیان لە یانەکەمان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵکو لە لایەن یانەکەمان مووچەیان پێدراوە، هەرچەند بە نووسراوی فەرمی یەکێتی تۆپی دەستی عێڕاقمان ئاگادار کردەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداینەوە و، بەڵکو دوای سێ مانگ داوای وەڵامی نووسراوەکەی خۆمان کرد، وەڵامی ئەوەیشمان وەرنەگرتەوە و یاریزانەکان بە نایاسایی یارییان بۆ یانەی زانکۆ کردووە.
دووەم: لەبەر ئەوەی یانەیەک میوانداریی خولەکەی کردبوو، هەموو هەوڵێک درا یانەکە بکرێتە پاڵەوان، بەڵگەیش بۆ ئەمە یانەکە تووشی شکست بوو، بەڵام بە بڕیارێکی میزاجی و ناوەرزشی، یارییەکەی بۆ دووبارە کرایەوە و دواتر یارییەکەی بردوەتەوە، ئەمەیش ئەوپەڕی لاوازی یەکێتی تۆپی دەست پیشان دەدات.
سێیەم: لەگەڵ بوونی چەندان ناوبژیوانی لێهاتوو لە شارەکانی کوردستان تایبەت شاری هەولێر، بەڵام یەکێتی تۆپی دەستی عێڕاق، تەنیا چوار ناوبژیوانیان بۆ خولەکە دابین کردبوو، ئەوانیش ئەو ناوبژیوانانە بوون، کە لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیار دەدەن و، لە ژێر کاریگەری خۆیان بوون.
چوارەم: لاوازی خودی سەرۆکی یەکێتی تۆپی دەستی عێڕاق، یەکێکی تر بوو لە هۆکارەکانی بێ کوالیتی خولەکە، چونکە هەست دەکرا زۆربەی بڕیارەکانی ئەم یەکێتییە، لە لایەن کەسانێک لە دەرەوەی یەکێتییەکە دەدران.
پێنجەم: کەسانێک لەم پاڵەوانێتییە بە پیلانی جیاواز هەوڵیان دەدا وێنە و ناوبانگی یانەی هەولێر ناشرین بکەن، کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەکەمان بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانیان لەدەست داوە و، بەڵگەمان هەیە کە بە چەندان رێگەی نایاسایی هەوڵیان داوە، ئەم پاڵەوانێتییە بەلاڕێدا ببەن و، دەرەنجامەکەی لە دژی یانەکەمان بەکاربهێنن)