ئاکرێ بە بەهێزیەوە بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکات

دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو بە پلەی یەکەم لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان سەرکەوت بۆ ڕیزی یانە پلە نایابەکان، یانەی ئاکرێ چەند ڕۆژێکە مەشقەکانی بۆ وەرزی نوێی 2022 _ 2023ـی خولی نایابی کوردستان دەستپێکردووە.
ئاکرێ دوای دەستنیشانکردنی ( مەحمود مەجید ) وەك ڕاهێنەری تیپەکەی، چەند ڕۆژێکە دەستی بە مەشق و ڕاهێنان کردووە بە ئامانجی ئەوەی ئەمساڵ ژمارەیەکی قوڕس بن لە خولی نایابی کوردستان و ئەنجامی شایستە تۆمار بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش یانەکە چەند یاریزانێکی ئاست بەرزی یانەکانی کوردستانی گواستۆتەوە ڕیزەکانی لەوانە ( سەفین عەبدولخاق) لە یانەی ئارارات و ( رەیان عەبدولقادر ) لە یانەی دهۆك و ( عەلی فایەق ) لە یانەی شەقڵاوە، جگە لەو یاریزانانەش پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوو چەند گرێبەستێکی تر ڕابگەینن و گرێبەستی بەشێك لە یاریزانەکانی خۆشی تازە کردۆتەوە.
هەینی ڕابردوو 19/8/2022 یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وەك پاڵەوانی کۆمەڵەی یەکەم لە وەرزی ڕابردووی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، مەراسیمێکی بۆ یانەی ئاکرێ ڕێکخست و خەڵاتی بە سەر یاریزانەکاندا دابەش کرد.