پاڵەوانی جامی هەرێمی کوردستان دەست بە ئامادەکاری دەکات

وابڕیارە سبەی دوو شەممە 22/8/2022 یانەی برایەتی لە نێو یاریگای خۆیدا دەست بە ئامادەکاری بکات بۆ وەرزی نوێی 2022 _ 2023 بە سەرپەرشتی ڕاهێنەری تازەی یانەکە ( هێورمستەفا) کە یەکەم ئەرکی فەرمی یاری کۆتایی جامی سوپەری کوردستان دەبێت لە نێوان هەر دوو یانەی برایەتی و سیروانی نوێ.
بۆ ئەم مەبەستەش کارگێڕی یانەی برایەتی دوێنێ ئێوارە گرێبەستی چەند یاریزانێکی تازە کردەوە و یاریزانێکیشی گواستەوە ڕیزەکانی، هەریەک لە یاریزانان( بۆتان دەهام ، عەبدوڵاخەلیل ، گۆران ناسح ، مەتین مەنسوڕ ، زیرەك کەیفی ) گرێبەستیان لەگەڵ یانەکە نوێ کردەوە، هەروەها یاریزان ( یوسف وریا) لە یانەی پیشەسازیەوە بە گرێبەستێکی یەك ساڵی پەیوەندی بە یانەکەوە کرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ کارگێڕی یانەی برایەتی لەگەڵ چەند یاریزانێکی تری یانەکە دانوستان بکەن و گرێبەستیان نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی لە یەکەم ڕۆژی یەکەی مەشقی یانەکە ئامادەبن.
دوای دەستنیشانکردنی هێورمستەفا بە ڕاهێنەری یانەکە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو یانەی برایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاهێنەر و دەستەی ڕاهێنەران بە فەرمی بناسێنێت.