Loading advertisement...
کوردستان

لە خولی نایابی کوردستان سیروانی نوێ و هەندرێن لە ئەرکێکی قورسدان

ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئاداری 2022 کۆتایی بە گەڕی بیست و چواری خولی نایابی کوردستان دێت، سەیدسادق لە نێو یاریگا و لە بەردەم هاندەرانی خۆیدا میوانداری یانەی نەورۆز دەکات، سەیدسادق ئەمساڵ ئەنجامی باشی لە نێو یاریگای خۆیدا تۆمار کردووە و تا ئێستا یەک یاری دۆڕاوە بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ، سەیدسادق لە پلەی سێیەمدایە بە 33 خاڵ و نەورۆزیش لە پلەی چوارەمدایە بە 32 خاڵ.

یانەی شێروانە کە ئەمساڵ بە ئاستێکی ناجێگیر تێپەڕ دەکات لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی برایەتی دەکات، یانەی برایەتی لە پلەی نۆیەمدایە بە 28 خاڵ و شێروانەش پلەی شەشەمی گرتووە بە 26 خاڵ.

لە نێو یاریگای یەکەمی شەهید فرانسۆهەریری دا، یانەی هەولێر بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ یاری دەکات، سیروانی نوێ بۆ بەردەوامی دان لە پێشەنگ کە ئێستا خاوەنی 43 خاڵە و یانەی هەولێریش بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین کە ئێستا بە 21 خاڵ لە پلەی چواردەمی خولەکە دێت یاری دەکەن.

لە یاریەکی بەهێزیشدا، یانەی هەندرێنی خاوەن پلەی دووەم لە نێو یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە، هەندرێن بە 40 خاڵ لە پلەی دووەمدایە و هەرچی یانەی پێشمەرگەی هەولێرە بە 28 خاڵ پلەی دەیەمی ڕیزبەندیەکەی گرتووە.

 

Back to top button