
دوای ئەوەی لێژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بڕیاری هەژمار کردنی دۆڕانی یانەی دهۆکی دا بەرامبەر یانەی حدود لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق، یانەی دهۆك هەر زوو لە ڕێگای پارێزەرەکەیانەوە تانەیان لە بڕیارەکە دا، بەڵام لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی عێڕاقەوە تانەکە ڕەتکرایەوە، کەمێک لەمەوبەر لە پەڕەی تایبەتی خۆیاندا یانەی دهۆك ڕایگەیاند ( لە ڕێگای پارێزەرێکی بەهێزی ئاسیاوی یەوە، سکاڵای خۆمان گەیاندە دادگای کاسی نێودەوڵەتی دژی بڕیاری هەژمارکردنی دۆڕانمان بەرامبەر یانەی حدود، ئێمە دەستبەرداری مافەکانمان نابین و چاوەڕێی دادگای نێودەوڵەتی کاس دەکەین ئەم بڕیارە یەکلایی بکاتەوە، چونکە ئێمە پێمان وایە زوڵم لە یانەی دهۆك دەکرێت و بەهەر شێوەیەك بێت نایانەوێت ئێمە سەرکەوین بۆ ڕیزی یانە نایابەکانی عێڕاق لە وەرزی داهاتوو)
بۆ وەبیرهێنانەوە یانەی دهۆك بە هۆی یاری پێکردنی پێنج یاریزانی پیشەگەر بەرامبەر یانەی حدود، لێژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بڕیاریدا بە هەژمارکردنی 3 _ 0 لە بەرژەوەندی یانەی حدود.