لاگازێتا دیلۆ سپۆرت پلانە گەورەکەی پێرێز ئاشکرا دەکات
گالاکتیکۆسی سێیەم بەڕێوەیە

یارریگا- پێگەی بەناوبانگی ئیتاڵی (لاگازێتا دیلۆ سپۆرت) پلانە گەورەکەی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید (فلۆرێنتینۆ پێرێز) ئاشکرا دەکات و دەڵێت پێرێز ئامادەکاری دەکات بۆ بنیاتنانی گالاکتیکۆسی سێیەم.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیتاڵییەکە، (پێرێز) نیازی وایە هەردوو ئەستێرەی ناودار (ئێمباپێ و هالاند) بەیەکەوە بگوازێتەوە ڕیزەکانی یانەکەی و لەپاڵ (کەریم بنزێما) و (ڤینیسیۆس) جۆنیۆردا سێیەمین گالاکتیکۆسی خۆی بنیات بنێت.
هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە، پلانی پێرێز بەو جۆرەیە، کە لەگەڵ تەواو بوونی نۆژەنکردنەوەی یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆدا) لە ئاهەنگی کرانەوەی یاریگایەکەدا بۆندی هەردوو ئەستێرە فەڕەنسی و نەرویجیەکەشی تیادا نمایش بکەن.
ئاماژەکانیش تا ئێستا ئەوە دەردەخەن پلانەکەی (پێرێز) سەرکەوتوو دەبێت، بەو پێییەی کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی وڵاتی نەرویج لەماوەی ڕابردوودا ئاشکرایان کردبوو کەوا بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ (هالاند) دا کۆبوونەتەوە و نزیکن لە ڕێککەوتن، لە لایەکی دیکەش (کیلیان ئێمباپی) لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان کۆتایی دێت و تا ئێستاش ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، دەیەوێت لە کۆتایی وەرز ڕوو لە ڕیاڵ مەدرید بکات.
ڕیاڵ مەدرید لە ساڵانی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی (پێرێز) دوو گالاکتیکۆسی ئەنجامداوە، کە بەواتای کۆکردنەوەی کۆمەڵێک ئەستێرە دێت لە یەک تیپدا، گالاکتیکۆسی یەکەم بریتیبوو لە کۆکردنەوەی (زێدان، ڕۆناڵدۆ، فیگۆ، بێکهام و ڕاول) و چەندان ئەستێرەی دیکە. گالاکتیکۆسی دووەمیش پێکهاتبوو لە (کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ڕیکاردۆ کاکا، کەریم بنزێما) و کۆمەڵێک ئەستێرەی دیکە، لەدوای ١٣ ساڵ پێرێز جارێکی دیکە پلانی گالاکتیکۆس وەگەڕدەخاتەوە و لە هاوینی داهاتووشدا پلانەکەی جێبەجێ دەکات.