ئالێگری هەست دەکات خیانەتی لێکراوە

یاریگا-ماسیمیلیانۆ ئالێگری دڵتەنگە بە مامەڵەی یوڤێنتۆس لەگەڵیدا و هەست دەکات خیانەتی لێکراوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر وێنەیەکی ئالێگری و جیۆڤانی گالیۆنی راهێنەری پێشووی پیسکارا بڵاوبووە، کە ئەمەی دووهەمیان هاوڕێیەکی ئالێگرییە.
گالیۆنی لە لێدوانێکیدا بۆ Il Fatto Quotidiano چەند نهێنییەکی ئاشکراکرد و وتی “ئالێگری زۆر دڵتەنگە و هەست دەکات خیانەتی لێکراوە لەلایەن یوڤێنتۆس، بە تایبەت لە ئەندریە ئاگنیێلی سەرۆکی یانەکە نیگەرانە. ئەو تا ئێستا زاڵ نەبووە بەسەر ئەو رووداوەدا، من ساڵانێکی زۆرە داوای لێدەکەم یۆڤی جێبهێڵێت ئەوان یانەیەکی لوتبەرزن و پێیان وایە خاوەنی هەمووشتێکن”.
ناوبراو رەتیکردەوە ساری سەرکەوتووبێت لەگەڵ بیانکۆنێری و وتی “ئەو راهێنەرێکی سەرشێتە و ئامادەنیە بۆ هەموو بارودۆخێک”.
ماسیمیلیانۆ ئالێگری تا ئێستا بێ یانەیە پاش دوورخستنەوەی لەلایەن خانمە پیرەکە سەرەڕای بەدەستهێنانی خولی ئیتاڵی.