
یاریگا–
ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە یاریزانەکانی پێکهاتەی سەرەکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشداری راهێنانە بەکۆمەڵەکانی یانەکەیان نەکردووە و هۆکارەکەشی دیاری نەکراوە.
ماڵپەری فەرمی شایانەکان بڵاویکردەوە کە بەمەبەستی ئامادەکاری زیاتر بۆ یاری داهاتووی یانەکەیان بەرامبەر سێڤییا لە لالیگا، بەیانی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی زینەدین زیدان راهێنەر یەکەیەکی دیکەی مەشق و ئامادەکاریان ئەنجامدا، لە راهێنانە بە کۆمەڵەکانی ئەمڕۆ رامۆس، ڤالڤێردی و ڤینیسیۆس بەشداریان نەکرد و لە هۆڵی وەرزشی بوون، هەروەها هەر یەکە لە ڤاران، کارڤاخال و ڤازکێزیش بەهۆی پێکان جارێکی دیکە بەشداری راهێنانەکان نەبوون.
ریال مەدرید چوار شەممەی رابردوو لە یاری گەڕانەوە بەرامبەر چێڵسی لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ تووشی دۆڕان بوو و بریاریشە یەک شەممەی داهاتوو لە یاری لوتکەی گەڕی 35ـی لالیگا میوانداری سێڤییا بکات.



