
یاریگا-
دوای تەواو بوونی یارییەکانی گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ناسنامەی یەکەم یانەی دابەزیو بۆ خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو ئاشکرا بوو.
نەفتی وەسەت ئەو یانەیەی دەکەوێته نەجەف و پاڵپشتی دارایی بەهێزیشی لێدەکرێت، بە فەرمی دوای شکستەکەی بەرامبەر زەوڕا لە هەفتەی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دابەزی بۆ خولی نایابی عێراق لە وەرزی داهاتوو، ئەم یانەیە یەکێک بوو لە خراپترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە تەنیا یەک سەرکەوتنی لە خولەکە بە دەستهێنا بوو، خاوەن زۆرترین شکستیشە بە 21 شکست و 12 بەرامبەر بوونیشی هەیە، 56 گۆڵی لێکراوە و تەنیا 19 گۆڵی تۆمار کردووە و بە 15 خاڵ لە خانەی 20ەمــی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.
ئەم وەرزە سێ راهێنەر سەرپەرشتی نەفتی وەسەتیان کردووە بەڵام هیچیان نەیانتوانی یانەکە لە دابەزین رزگاربکەن، نەفتی وەسەت لە ساڵی 2008 دامەزرا و لە ساڵی 2014 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق کە ئەوکاتە نور سەبڕی گۆڵپارێزی بە نێو بانگی عێراقی یاری بۆ یانەکە دەکرد.