
یاریگا –
یوساین بۆڵت، پاڵەوانی پێشووی ئۆڵۆمپیاد لە گۆڕەپان و مەیدان، لە کاتی یارییەکی خێرخوازی بەرامبەر ئەستێرەکانی ئینگەڵتەرا بە سەختی تووشی پێکان بوو.
بۆڵت هەشت میدالیای زێڕی لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە بەشە جیاوازەکانی گۆرەپان و مەیداندا بەدەستهێناوە، لەوانە 100 مەتر و 200 مەتر و چوار سەد مەتر، بەڵام حەزەکەی بۆ تۆپی پێ هەرگیز لە چاوی کەس نەشاردرایەوە.
ئەو کە ئێستا تەمەنی 37 ساڵە و لە ساڵی 2017 بە فەرمی ماڵئاوایی لە جیهانی پیشەگەری وەرزش کرد، بەشداری لە یارییەکی خێرخوازی کرد کە لە لەندەن لەنێوان هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی جیهانی و ئەستێرەکانی ئینگلتەرا بەڕێوەچوو. ئەو لە هەڵبژاردەی جیهانی لە ژێر رێنمایی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ یاریی کرد.
بەڵام رۆیشتنی بۆ ناو یاریگا زۆری نەخایاند و تووشی پێکانێک قوورس بوو و بەناچاری یاریگای بەجێهێشت. کەمێک دواتر بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتڕاستی کردەوە کە پاژنەی پێی تووشی پێکان بووە و دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکات.
Raptured Achilles but done know we a warrior 💪🏿 pic.twitter.com/vKYtHqOFTj
— Usain St. Leo Bolt (@usainbolt) June 9, 2024
یاریزانانی وەک جیل سکۆت، گاری کاهیل، جۆ کۆل، تیۆ والکۆت، ئالان وایت و جاک ویلشێر بەشێک بوون لەو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کە بە ئەنجامی 6-3 سەرکەوتنیان بەسەر هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی جیهان بەدەستهێنا. هەریەکە لە یوساین بۆڵت، پێتر چیک، رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەلیساندرۆ دێل پیێرۆ، مایکل ئیسیان، پاتریس ئێڤرا، ئێدن هازارد و جۆن ئۆبی میکێل لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی جیهاندا ئامادە بوون.