وەرزی داهاتوو تیروپشکی چامپیۆنزلیگ بە کۆمپیوتەر رادەکێشرێت

یاریگا –
وەرزی داهاتوو تیروپشکی سیستەمی نوێی چامپیۆنزلیگ هاوشێوەی یاریی تێنس بە کۆمپیوتەر رادەکێشرێت.
رۆژنامەی ئیندیپێندێتی بەریتانی ئاشکرایکردووە، وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ کە بە بەشداریی 36 یانە بە سیستەمێکی نوێ بەڕێوە دەچێت، بە کۆمپیوتەر تیروپشک بۆ قۆناخی یەکەمی خولەکە رادەکێشرێت، چونکە ئەگەر تەواوی تیروپشکەکە بە دەستی رابکێشرێت، ئەوا نزیکەی چوار کاتژمێر دەخایەنێت.
جۆرجیۆ مارکێتی، جێگری ئەمینداری گشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کە خۆی سەرپەرشتی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ دەکات، بە رۆژنامە بەریتانییەکەی راگەیاندووە :’بەگوێرەی سیستەمی نوێ ناتوانین بە دەستی تیروپشک رابکێشین، چونکە ئەگەر بە دەستی رابکێشین دەبێت 900 تۆپ بۆ ئەگەرەکان دابنێین و تیروپشکەکە نزیکەی سێ بۆ چوار کاتژمێر دەخایەنێت’.
یوێفا بڕیاری داوە لە وەرزی داهاتووەوە بە هەردوو سیستەمی دەستی و کۆمپیوتەر تیروپشکەکە رادەکێشرێت و هاوشێوەی تێنسی سەر زەوی بەگوێرەی پۆلێنیان تیروپشکەکەیان بۆ دەکرێت، کە لە قۆناخی یەکەم هەر یانەیەک هەشت یاریی دەکات و نابێت دوو یانەی یەک وڵات رووبەڕوو ببنەوە.