
یانەی هەولێر دیاریەکی بەنرخ پێشکەشی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات و لە کەلارەوە به سێ خاڵ دەگەڕێنەوە پایتەخت.
لە گەڕی 23ـی خولی نایابی کوردستان یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی شێروانەی خاوەن ڕیزبەندی یەکەمی خولەکەی بردەوە، بەمەش دەرفەتێکی زێڕین لە بەردەم یانەی پێشمەرگەی هەولێرە کە بڕیارە سبەی چوارشەممە 6\3\2024 لە دەرەوەی یاریگای خۆی ببێتە میوانی یانەی چوارقوڕنە، له ئەگەری سەرکەوتنی پێشمەرگەی هەولێر ئەوا خاڵەکانی لەکەڵ یانەی شێروانەی ڕکابەری یەکسان دەکاتەوە و دەبێتە 40 خاڵ و دێتە ڕیزبەندی یەکەم، یانەی چوارقوڕنەش 33 خاڵی هەیە لە پلەی هەشتەمە و لە بەردەم دواین دەرفەتی کێبڕکێ کردنی نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستانە.
یانەی هەندرێنی خاوەن پلەی شەشەم بە 31 خاڵ میوانداری یانەی ئاکرێی خاوەن ڕیزبەندی پێنجەم دەکات بە 34 خاڵ، لە دێڕبی بادینانیش یانەی زاخۆ لە یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی دهۆک دەبێتەوە، زاخۆ 30 خاڵی هەیە لە پلەی نۆیەمە و دهۆکیش بە 27 خاڵ لە پلەی یازدەم دێت. یانەی سەید سادق بۆ ڕزگار بوون لە ناوچەی دابەزین لە نێو یاریگای حەسار بەرامبەر یانەی دەربەندیحان یاری دەکات، سەید سادق 24 خاڵی هەیە لە پلەی سێزدەمە و یانەی دەربەندیخانیش 30 خاڵی هەیە لە ڕیزبەندی حەوتەمی خولی نایابی کوردستان دێت.
لەگەڵ شکستی یانەی شێروانە بارودۆخی تیپەکان گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە و بە شێوەیەک زۆربەی یانەکان هەوڵی سەرکەوتن دەدەن بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوە نزیک ببنەوە.